بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ هەڤاڵان ڕەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکوک – سەڵاحەدینی یەکێتی و ڕێبوار تەها، ئەندامی سەرکردایەتی کۆبووەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی بێپایانی ئاڕاستەی هەریەک لە هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا و ئاسۆ مامەند کرد، بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە خزمەتکردنی کەرکوک دەیگێڕن و هەمووان ستایشیان دەکەن کە ئەمە بۆ یەکێتی مایەی سەربەرزییە بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال گەورەترین خزمەتیان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی ستایشی ڕۆڵ و خزمەتە بەردەوامەکانی بەڕێز ڕێبوار تەهای کرد کە بە دڵسۆزی و بەبێ جیاوازی خزمەتی کەرکوک و کەرکوکییەکان دەکات و وتی، شانازی دەکەین کە گەنجی لێهاتووی وەک ئێوە لە ڕیزەکانی پێشەوەی یەکێتیدان و بەڕێزتان لە هەر پێگە و پۆستێکی حزبی و حکومیدا بن، پاڵپشتی تەواوەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانیتان هەیە.
سەرۆکی یەکێتی دووپاتی کردەوە کە پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک بنەمای ئارامی و ئاوەدانیی شارەکەیە و وتی، دروشم و قسەی هیچ لایەنێک ساردمان ناکاتەوە، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر خزمەتکردنی کەرکوک کە بەشێکە لە جەستەی زیندووی یەکێتی و قەڵای بەهێزی مانەوەمانە. ئێمە لەسەر ڕێبازە دەوڵەمەندەکەی سەرۆک مام جەلال بۆ خزمەتکردنی شارەکە بەردەوام دەبین.