یوری باربیچان، پسپۆڕی بواری خۆراک ئاماژە بەوەدەکات، کە نەهێشتنی چەوری لە خۆراکەکانماندا بەتەواوی، دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستیی جددی و ڕێنمایی دەدات، بەشێوەیەکی مامناوەند چەوری بخورێت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکردووە، “چەوری بەشێکی سەرەکییە لە پەردەی هەموو خانەیەکی لەشدا، بۆیە کەمبوونەوەی چەوری لە لەشدا، وادەکات پێست وشک و تەنک ببێتەوە و بقڵیشێت، هاوکات پڕۆسەی ساڕێژبوونەوەی برینەکانی لەشیش، بەشێوەیەکی بەرچاو خاودەبێتەوە”.
دەشڵێت، بەکارنەهێنانی چەوری لە خواردنەکانماندا، کاریگەری لەسەر تەندروستیی ئێسک و بەرگریی لەش و باری دەروونی دروستدەکات.
هەروەها چەوری یەکێکە لەو ماددە خۆراکییانەی کە زۆرترین وزەی تێدایە و کاتێک بەشێوەیەکی بەرچاو لە خواردنەکانی ڕۆژانەدا کەمدەبێتەوە، کەسەکە توشی ماندوێتیی بەردەوام دەکات و ئارەزووی زۆری بۆ شەکر و کاربۆهیدراتەکان دروستدەبێت، بۆیە بەزەحمەت دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئارەزووی خواردنی بکات.