خواردنی نانی بەیانی چەندین سوود و قازانج بە تەندروستیمان دەگەیەنێت و نابێت لە سیستەمی خۆراکیماندا لایبەرین.
توێژینەوەیەک، ئاشکرایدەکات، خواردنی نانێکی بەیانیی تەندروست، بڕێکی گونجاو وزە بۆ بەڕێکردنی ڕۆژەکەت دابیندەکات، هەروەها، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی پەیمانگەی توێژینەوەی نەخۆشخانەی دێل مار لە ئیسپانیا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری خۆراک و تەندروستی و پیربووندا بڵاوکراوەتەوە کە توێژینەوە لەسەر 383 بەشداربوو ئەنجامدراوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە خواردنی وزەی پێویست لە بەیانیاندا بەشدارە لە کەمکردنەوەی هۆکارەکانی مەترسییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
توێژینەوەیەکی دیکە کە لە ماڵپەڕی” بێتەرهیڵس” ئەنجامدراوە دەڵیت نانی بەیانی بەسودە بۆ
بەدەستهێنانی وزە:
کە لەبەیانیاندا، کاتێک بۆ ماوەی 12 کاتژمێر نانت نەخواردووە، گلوکۆزی ناو جەستەت زۆر دادەبەزێت و ئەمەش تووشی لاوازی و کەم وزەیت دەکات.
بۆ دەستکەوتنی ڤیتامین، و ماددە کانزایی و خۆراکییەکان گرنگە:
خواردنی نانی بەیانی دەوڵەمەندە بە کالیسیۆم، ئاسن، ڤیتامین B و ماددە ریشاڵییەکان.
نانی بەیانی کێش ڕادەگرێت:
خواردنی نانی بەیانی ناهێڵێت کێشت زیادبکات و لە نەخۆشییەکانی تایبەت بە قەڵەوی دوورت دەخاتەوە، نانی بەیانی توانای مێشک زیاددەکات.
کاتێک نانی بەیانی ناخۆیت، هەست بە ماندوێتی دەکەیت، چونکە مێشک وزەی پێویستی پێنەگەیشتەوە بۆ هەڵسان بە چالاکییەکانی ڕۆژانە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتەش دەگەڕێینەوە بۆ توێژینەوەیەکی ماڵپەڕی ئیندیپێندنتی بەریتانی کە 294 خوێندکار بەشداربوون و دەرکەوتووە، ئەو خوێندکارانەی بە دەگمەن ژەمی بەیانی دەخۆن بە گشتی دوو نمرە کەمتر لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی بەریتانیادا بەدەستدەهێنن بە بەراورد بەوانەی کە گرنگی بە ژەمی بەیانی دەدەن.