بەپێی چەند ڕاپۆرتێک، دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەبەردەم ترەمپدا بژاردەی کراوەن و چینیش هەڕەشەی پاراستنی کەشتییەکانی دەکات؛ تارانیش دەڵێت، “بۆ بەرگریکردن لە سنووری وڵاتەکەمان لە ئامادەباشیداین”.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی بی.بی.سی، هەڕەشەکانی ترەمپ بۆسەر ئێران و ئەگەرکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئۆپراسیۆنەکان بۆسەر ئەو وڵاتە، جددین و سوپای بەرگریی ئیسرائیل و هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لە ئامادەباشیی تەواودان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەمریکا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ بڕیاری گەمارۆی سەربازیی دەخاتە سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران و لەبەرانبەر ئەم هەنگاوەشدا، بەشێکی وڵاتانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپای نیگەرانن.
هەروەها، لە ڕاگەیەندراوێکدا، سوپای پاسدارانی ئێران ئەم گەمارۆ سەربازییەی ئەمریکای وەک “پێشێلکردنی ئاگربەست” ناوبرد و ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە تاران کۆنتڕۆلی تەواوی بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز دەکات و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە هیچ جووڵەیەکی سەربازی لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەیان نادەن و دەشبێت گەرووەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی بنکۆڵکارییەکی ڕۆژنامەی تێلێگراف و واشنتن پۆست، بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامانی ڕێكخراوی هاوپهیمانیی باكووری ئهتڵهسی (ناتۆ) و لەنێویشیاندا، بەریتانیا، نیگەرانیی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕیوە و لە میانەی لێدوانێکدا؛ کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک پشتگیری لە گەمارۆ سەربازییەکەی ئەمریکا بۆسەر ئێران ناکەن.
وتیشی، “ئەم گەمارۆیە بە واتای ڕێگریکردن لە جموجۆڵە ئابورییەکان و بەتایبەتیش گواستنەوەی غاز و نەوت بۆ تەواوی بەندەرەکانی جیهان و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەوشێوەیەش، باج لەسەر هاوڵاتییان زیاددەکات و زەرەرمەندی یەکەم دەبن، بۆیە بەهیچ شێوەیەک وڵاتەکەمان نابێتە بەشێک لە پاڵپشتیکردنی هەنگاوێکی لەو جۆرە”.
هەر لەبارەی ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆی سەربازیی بەسەر بەندەرەکانی ئێران کە بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بەکاتی هەرێمی کوردستان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ وەزارەتی دەرەوەی چین نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی و ڕایگەیاند، پشتگیریی ئێران دەکەن، دەبێت هەردوولا ئاراممببنەوە و درێژە بە دانوستانەکان بدەن، چونکە ئەم هەنگاوە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.
لەبارەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی چینەوە، تۆڕی هەواڵی بی.بی،سی بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێران تەنیا %13ـی پێویستیی چین بۆ دەستەبەرکردنی نەوت دابیندەکات و بەیجین دەتوانێت بۆ دابینکردنی نەوت پشت بە وڵاتێکی دیکە ببەستێت، بەڵام بە کۆنتڕۆڵکردنی دەرچە ئاوییە بازرگانییەکان لەلایەن واشنتنەوە، داهات و ئابوریی بەیجین دەکەوێتە مەترسییەکی جددییەوە، چونکە بەشی هەرەزۆری ئاڵوگۆڕە ئابورییەکانی چین، لە ڕێگەی بەندەرە ئاوییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداوەوەیە و بەم هەنگاوەش، ئەمریکا کۆنتڕۆڵی جووڵە ئابورییەکانی چین دەکات، ئەمەش هێڵی سووری بەیجینە.
سەبارەت بە بژاردەی دەستپێکردنەوە هێرش بۆسەر تاران؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیدایە بۆ جێبەجێکردنی بژاردەی ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆسەر ئێران، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، ڕێگە بە جموجۆڵی هیچ کەشتییەک نادەن، ئەمەش دەکرێت هەنگاوێک بێت بۆ پاڵپشتیکردنی گەمارۆ سەربازییەکەی بۆسەر تاران و پێشتریش بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو، “جێگەی داخە ئەگەر بێت و ئێران ڕێککەوتنەکەی نێوانمان پشتگوێبخات، چونکە ئەمە مانای لەناوبردنی تەواوی وێستگە ئاویی و کارەباییەکانیانە و ئەمەش ئامانجێکی ئاسان دەبێت بۆمان”.