كچانی وەرزشكاری ئەفغانستان لەترسی كوشتنیان هەڵدێن

زەهرا فەیازى – فۆتۆ، بی بی سی

دوای كوژرانی كچەیاریزانێك، وەرزشكارە كچەكانی ئەفغانستان لەنێوان خۆشاردنەوە و هەڵاتندا، بەدوای ژیانێكی پارێزراودا دەگەڕین، ئەوان پێیانوایە بە كۆنتروڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، سەردەمێكی تاریك دەستیپێكردووە. یاریزانانی تیپی بالەی كچانی ئەفغانستان، باس لەوە دەكەن كە لە ترسی چەكدارانی تاڵیبان خۆیان شاردووەتەوە و دەڵێن، “مانگی ڕابردوو یاریزانێكمان كوژرا و هەست بە مەترسی لەسەر ژیانمان دەكەین و دەمانەوێت ڕزگارمانببێت”.

زەهرا فەیازی، یەكێك لەو كچە وەرزشكارانەیە و ماوەی حەوت ساڵ بۆ یانەی بالەی كچانی ئەفغانستان یاریكردووە، زەهرا كە مانگێك لەمەوبەر لە وڵاتەكەی هەڵاتووە و خۆی گەیاندووەتە بەریتانیا، لێدوانی بۆ بی بی سی داوە و ئاشكرایكردووە، پێش مانگێك، یاریزانێكیان كوژراوە.

ئەو ڕایگەیاندووە، “هێشتا لە پەیوەندیدام لەگەڵ هاوتیپەكانم، ئەوان لێرە و لەوێ خۆیان دەشارنەوە و دەیانەوێت هەڵبێن، ئەو یاریزانانەمان كە لە دەرەوەی كابولن و لە پارێزگاكانی تری ئەفغانستان دەژین، ناچارن شار بە شار شوێنەكانیان بگۆڕن، ئەوان لەترسدا تەنانەت كەلوپەلە وەرزشییەكانیان سووتاند و دەیانەوێت مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان دووربخەنەوە”.

زەهرا دەڵێت، “ژمارەیەك یاریزانمان لەلایەن تاڵیبان و كەسوكارەكانیانەوە كە لەناو بزوتنەوەكەدان، چەندین جار هەڕەشەیان لێكراوە، تاڵیبان بە خانەوادەی یاریزانەكانی ڕاگەیاندووە كە نابێت كچەكانیان یاری بكەن و باسی وەرزش بكەن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی كێشەی پێشبینینەكراو دەبنەوە”.

سۆفیا، ناوی خوازراوی یەكێكی ترە لەو یاریزانانە، ئەو لەترسی تاڵیبان ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئاشكرانەكردووە، چونكە وەك خۆی ڕایگەیاندووە، “دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دوو چەكداری تاڵیبانەوە بە چەقۆ لێیدراوە و برینداركراوە، بۆیە لە ترسدا هەڵاتووە بۆ وڵاتێكی دراوسێی ئەفغانستان”.

لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ بی بی سی سۆفیا وتویەتی، “مانگێك لەمەوبەر كچەیاریزانێكی تیپەكەمان كوژرا، دڵنیاین تاڵیبان كوشتوویەتی، چونكە ئەوكاتە بزوتنەوەكە دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ئەفغانستاندا سەپاندبوو، هیچ گروپێكی تر لە گۆڕەپانەكەدا نەبوو، كەسی تریش پاڵنەری كوشتنی ئەو یاریزانەی نەبووە، چونكە وەرزشی بالە یەكێكە لە پڕجەماوەرترین یارییەكان لە ئەفغانستان”.

تیپی بالەی كچانی ئەفغانستان نزیكەی 40 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، بەڵام لەماوەی دەسەڵاتی تاڵیباندا (1996 – 2001) بەهۆی ڕێگری و فشارەكانی تاڵیبانەوە تیپەكە هەڵوەشێندرایەوە، دوای كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 2001دا، جارێكی تر تیپە وەرزشییەكە پێكهێنرا، ئێستاش بە گەیشتنەوەی تاڵیبان بە ترۆپكی دەسەڵات، مەترسی لەسەر ژیانی یاریزانەكانی تیپەكە هەیە و وەك خۆیان دەڵێن، چارەنووسیان نادیارە.

تا ئێستا بزوتنەوەی تاڵیبان یاسا و ڕێوشوێنی دیاریكراوی فەرمی بۆ وەرزش و هونەر و مافی ژنان ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەحمەدوڵڵا واسیق، جێگری سەرۆكی لیژنەی فەرهەنگیی تاڵیبان پێش ماوەیەك بە ئێستگەی “SBS Pashto”ی ڕاگەیاندبوو، “هیچ پێویست نییە ژنان وەرزش بكەن”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حكومەتی تاڵیبان “وەزارەتی ژن”ی هەڵوەشاندەوە و وەزارەتێكی تری بەناوی “وەزارەتی فەرمانكردن بە چاكە و ڕێگریكردن لە خراپە” پێكهێنا و لەهەمان بارەگای وەزارەتی ژن-دا جێگیریكرد.

هەر لەم ڕۆژانەدا، بزوتنەوەی تاڵیبان بڕیاریدا كچان تەنها مافی خوێندنی قۆناغی سەرەتاییان هەبێت و كچانی قۆناغی دواناوەندی ناردەوە بۆ ماڵەكانیان، ئەوەش ترسی لای ژنانی ئەفغانستان دروستكردووە سەبارەت بە مافەكانیان.

وتەكانی ئەو دوو یاریزانەی تیپی بالەی كچانی ئەفغانستان بۆ بی بی سی دوای ئەوە دێن، هەفتەی ڕابردوو یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی كچانی تازەپێگەیشتووی ئەفغانستان، دوای چەند هەفتەیەك لە خۆشاردنەوە لە چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان، سنوورەكانیان تەیكرد و پەڕینەوە بۆ پاكستان.

پێش ئەوانیش و لە سەرەتای ئەم مانگەدا، یاریزانانی تیپی كریكێتی كچانی ئەفغانستان بە بی بی سی-یان ڕاگەیاندبوو، لەترسی ژیانیان خۆیان شاردووەتەوە.

سۆفیا و زەهرە داوا لە لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی و یەكێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی بالە دەكەن یارمەتیی تیپەكەیان بدەن، بۆئەوەی ژیانی یاریزانەكانیان لە مەترسی ڕزگاربكرێت و لە شوێنێكی دەرەوەی ئەفغانستان یەكبگرنەوە و دووبارە یاریبكەن.

لە بەرامبەردا یەكێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی بالە بەڵێنیداوە هاوكارییان بكات، بەڵام بەرپرسێكی یەكێتییەكە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، لەبەر پاراستنی ژیانی یاریزانەكان، ناتوانن هەموو شتێك باسبكەن.

سۆفیا لەگەڵ ئەوەی هیواخوازە لەگەڵ هاوتیپەكانیدا یەكبگرنەوە، ڕەشبینە بەوەی شتەكان وەك پێشوو بگەڕێنەوە بۆ دۆخێكی ئاسایی و ڕایدەگەیەنێت، “لە یەك ڕۆژدا هەموو شتەكان لەناوچوون. زەهرەی هاوڕێشی دەڵێت، “كەوتووینەتە سەردەمێكی تاریكەوە”.

بابەتی پێشتر

زۆر گرنگە ڕۆژانە بڕی پێویست ئاو بخۆینەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی تەندروستیی ئاوات شێخ جەنابەوە بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share