پاش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؛ چی بەربەستێک لەبەردەم ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیرانە؟

پاش هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق، قۆناغی داهاتوو ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێیە؛ ئەم پڕۆسەیەش لەنێوان بەرداشی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و “هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ”ـدا ماوەتەوە.

دوێنێ شەممە، نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕەسمی بووە سەرۆککۆماری نوێی عێراق و زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا؛ پاش ئەمەش، دەبێت سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

بەپێی ماددەی 76 لە دەستووری عێراق، پڕۆسەی ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران بە چەند قۆناغ و وادەیەکی دەستووریی دیاریکراودا تێدەپەڕێت، بەم شێوەیەی خوارەوە.

– سەرۆککۆمار دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا لە ڕێکەوتی هەڵبژاردنی خۆی، کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت.

– سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، ماوەی 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی وەزیرەکانی دیاری بکات و کارنامەی حکومەتەکەی ئامادەبکات و بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان و پێدانی متمانە.

– ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو نەیتوانی لەو 30 ڕۆژەدا حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا سەرۆککۆمار دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا کاندیدێکی نوێ بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێرێت.

ناڕەزایی ئەمریکا و کەسایەتیی نوری مالیکی

لە ماوەی ڕابردوودا، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، نوری مالیکیی وەک کاندیدی چوارچێوەکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریکرد؛ بەڵام کەمێک دواتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی خۆی لە هەڵبژاردنی مالیکی بەئاشکرا نیشاندا و هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە ئەگەر ناوبراو ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەمریکا هەموو هاوکارییەکانی بۆ عێراق ڕادەگرێت و قەیرانی دارایی لەو وڵاتەدا دروستدەبێت.

دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی وەک “کەسایەتییەکی نزیک لە ئێران” سەیری نوری مالیکی دەکەن؛ لە ئەگەری هەڵبژاردنیشی، ئەمریکا کۆمەڵێک بژاردەی لەبەردەستدایە و گرنگترینیان ئەمانەن:

– دەتوانێت ڕێگری بکات لە ناردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق.

– سەپاندنی سزا بەسەر ئەو بانک و دامەزراوانەی کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکەی مالیکیدا دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی بەهای دینار.

هاوسەنگیی نێوان تاران و واشنتن

لەئێستادا، ئەرکی چوارچێوەی هەماهەنگی دابەشبووە بەسەر دوو ڕێگەدا، یان مالیکی وەک کاندید دەهێڵنەوە و قبوڵی هەڕەشەکانی ترەمپ دەکەن، یانیش دەبێت کاندیدێک لەژێر فشاری ئەمریکا دیاریبکەن، کە ئەمەش ڕەنگە ناڕەزایی شەقامی عێراقی لێبکەوێتەوە و شارەزایانیش بە شکستی سیاسی ناوی دەبەن.

هەڵوێستی کورد و سوننە

هێزە کوردییەکان و لایەنە سوننەکان نایانەوێت ببنە بەشێک لە بەرەیەکی دیاریکراو کە عێراق بەرەو گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ببات؛ ئەوان چاوەڕێی دەستپێشخەرییەک دەکەن کە کاندیدێکی “تەوافقی” بهێنێتە پێشەوە تاوەکو عێراق لە زیان بەدووربێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئامارەكانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە عێراق مەترسیدارن

پرسی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەعێراقدا مشتومڕی بەردەوامی لەسەرە، لێدوانە ‏فەرمییەكان لەوبارەیەوە باسلەوەدەکەن، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ‏گەنجان…
Total
0
Share