بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نیازە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، فشار بخاتە سەر تۆکیۆ تا لە جەنگی ئێراندا، پاڵپشتیی ئەمریکا بکات.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ژاپۆن ڕادەی ئەو هاوکارییانەی کە دەتوانێت پێشکەشی ئەمریکای بکات، هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتەکەیدا، بەتایبەتی کە ئەم دۆخە پەیوەستە بە بەشداریکردنی سەربازی لە دەرەوەی وڵات و ئەمەش بابەتێکی هەستیارە.
لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە، لەبارەی ئەم بابەتەوە لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا و وتی، تاوەکو ئێستا هیچ داوایەکی ڕەسمیمان لەمبارەیەوە پێنەگەیشتووە و ئێمە لە چوارچێوەی دەستووردا، بیر لەو بژاردانە دەکەینەوە کە لەبەردەستمانن.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر چەندجارێک جەختی لەوەکردووەتەوە کە ئەمریکا پێویستی بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵام بە بەردەوامی فشار لە وڵاتان دەکات، بۆ هاوکاریی لۆجستی، لەوانە دابینکردنی کەشتیی پاککردنەوەی مین و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.