شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، قۆناغی بەهێزی هەورەبروسکە، تەرزە و بارانی بەخوڕ دەستپێدەکات.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی شەپۆلەکەمان تێپەڕاند کە لە بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ پێکهاتبوو و زۆرترین ڕێژەی بارانیش لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە لە سەنتەر 55 ملیم و زۆرترین لە زاوێتە تۆمارکراوە 90 ملیم.
ئاماژەی بەوەشدا، لە کاتەکانی ئێستاوە، کاریگەریی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناوەڕاست لەسەر ناوچەکانمان چالاکتر دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆوە تاوەکو بەرەبەیانی سبەی دووشەممە 16ـی 3ـی 2026، لە سەرجەم ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، کەرکوک، دهۆک و ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین، گەرمیان، سۆران و زاخۆ و پارێزگاکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی عێراق، هەروەها ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی بەهێز و تەرزە و بارانی بەخوڕ دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە زۆرێک لە شوێنەکاندا، لە هەندێک شوێنیشدا، تەرزەیەکی زۆر دەبارێت کە تا ئەو ڕادەیەی ناوچەکان سپیپۆش دەکات.
ڕاشیگەیاند، ئەم ناجێگیرییە لە کەشوهەوای ناوچەکەدا، لە کاتەکانی بەیانیی سبەی دووشەممەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت و کەش لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێتەوە، بەڵام لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و پارێزگای هەولێر، تا کاتەکانی ئێوارە ناجێگیرییەکە بە لاوازی بەردەوامیی دەبێت و ئەگەر هەیە لە هەندێک شوێندا، هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن چالاکببێتەوە و پاشان لە شەودا کۆتایی پێدێت.
ئاراس جەبار ئەوەشی باسکردووە، “لە ڕۆژی هەینییەوە 20ـی 3ـی 2026، کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەخوڕی باران و تەرزە و هەورەبروسکە لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و تاوەکو کۆتایی مانگ، کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لەسەر وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامیی دەبێت”.