ئەو كچەی لە سلێمانی بێسەروشوێن بوو، دەركەوت ڕفێندراوە و بێهۆشكراوە، ئێستا لە نەخۆشخانەیە و پۆلیس ڕفێنەرەكەی دەستگیركرد.
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی شوبات ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە كچەكەی بەمەبەستی كڕینی پێداویستی لە ماڵ چووەتە دەرەو و نەگەڕاوەتەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بنكەكانی سنووری پۆلیسی سلێمانی ڕاسپارد كە بەدواداچونی خێرا بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار .”
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە “دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و گومان خرایەسەر تۆمەتبارێك و توانرا هەمان ڕۆژ و لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت كە بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری تۆیۆتا كامری كچەكەی هەڵگرتووە و دوای بێهۆشكردنی لە شوێنێك فڕێیداوە.”
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكردەووە، “تۆمەتبار ( ش، أ، ع ) لەدایكبووی 1991 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دەستیشگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا .”
لەبارەی چارەنووسی كچەكەوە، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، “كچەكە پاش دۆزینەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئێستا لە ژێر چاودێریدایە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت.”