سەرۆکى یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان رایدەگەیەنێت، بەتوندی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هێرشەکانی ئێرانیش بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە ئیدانە دەکەم.
د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکى یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان رایگەیاند، ئەم دۆخەی ئێستا بەهۆی جەنگەوە لە ناوچەکە دروستبووە، هەڕەشە لەو سەقامگیرییە دەکات کە خەڵکی ناوچەکە باجێکی قورسیان بۆ داوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، جگە لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوکات ئیدانەی ئەو هێرشانەی ئێرانیش دەکەین کە وڵاتانی کەنداو، ئوردن و کوردستانی عێراقی کردووەتە ئامانج و زیانی گیانییان لێکەوتووەتەوە، سەلامەتیی مرۆڤەکان هێڵی سوورە.
دەشڵێت، ئەم ئۆپراسیۆنانە بازنەی مەترسی فراوانتر دەکەن و ناوچەکە بەرەو ئاژاوە پاڵدەنێن کە ئەمەش خزمەت بە کەس ناکات، داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت.