نوێترین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاوکرایەوە و ئەمەی خوارەوە، دەقەکەیەتی.
بانگەوازەکەمان لە 27ـی شوباتی 2025ـدا، گوزارشتە لەوەی لەو شوێنەی سیاسەتی دیموکراتیک جێگیردەبێت، چەک واتای خۆی لەدەستدەدات؛ هەروەها راگەیاندنێکی ئاشکرایە بۆ هەڵبژاردنی رێگەی سیاسی و تەواوکردنی بنەماکان. ئێمە بە ئیرادە و پراکتیکی یەکلایەنە، بەشێوەیەکی بنەڕەتی قۆناغی راپەڕینی نەرێنیمان تێپەڕاند.
پڕۆسەی رابردوو، لێهاتوویی و هێزی ئێمەی بۆ دانوستان دووپاتکردەوە و دەتوانین رێگە بۆ وەرچەرخان لە سیاسەتی توندوتیژی و پارچەپارچەکردنەوە، بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و یەکگرتن بکەینەوە. بانگەواز، کۆنفرانس و کۆنگرەکانمان بۆ ئەم مەبەستە بوون. بڕیارەکانی رێکخراو بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری، تەنیا رەتکردنەوەیەکی رەسمی و پراکتیکیی توندوتیژی نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشاندەری وەرچەرخانێکی دەروونی بوو بەرەو رێگەیەکی سیاسی. ئەمە هاوکات راگەیاندنی پێکهاتنێکی دەروونی بوو لەگەڵ کۆماردا.
من ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، هاوکاریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی دیکە کە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد، بە زۆر گرنگ دەبینم. بەتایبەتیش جارێکی دیکە، یادی هەڤاڵمان “سری سورەییا” بە رێز و حەسرەتێکی گەورەوە، دەکەمەوە.
تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە، خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی رەسەنە، نووسینە بنەڕەتییەکان لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆماردا، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشاندەدا. بانگەوازەکەمان لە 27ـی شوباتدا، هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رۆحی یەکێتییە و داواکارییەکە بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک. مەبەستمان بوو میکانیزمی خوێن و ململانێ بشکێنین. لەبری بینینی مێژووی بوون، جدییەت و مەترسییە شاراوەکانی کێشەکە، ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی کاتی و تەسک بجووڵێینەوە، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. ئێمە ئەو کۆسپانەی بەردەم یەکبوون لادەبەین کە لە دوو سەد ساڵی رابردوودا دەویسترا ئەم یەکبوونە بشێوێندرێت؛ ئێمە مەرجەکانی یاسای یەکبوون جێبەجێدەکەین. دەمانەوێت گفتوگۆبکەین لەسەر ئەوەی چۆن بگەینە لای یەک و ژیانی پێکەوەیی بونیادبنێین.
ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان هەنگاوبنێین. رێگە بۆ سەردەم و ستراتیجێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێبهێنین و پڕۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین، لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێکهاتنی دیمۆکراتیک و یەکگرتن، بنەماکانی هۆشیاریی قۆناغی ئەرێنین. قۆناغی ئەرێنی شێوازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و توندوتیژی وەلا دەنێت. ئامانجی بونیادنانی ئەرێنی دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە یان پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بەشداری لە بونیادنانی کۆمەڵایەتیدا بکات. ئامانج ئەوەیە بونیادنانەکە بەیەکەوە و لە ناو کۆمەڵگەدا بێت. گرووپە چەوساوەکان، گرووپە نەتەوەیی، ئایینی و کەلتوورییەکان دەتوانن لە رێگەی تێکۆشانی دیموکراتیکی بەردەوام و رێکخراوەوە، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانیان بکەن. لەم پڕۆسەیەدا، زۆر گرنگە کە دەوڵەت وەڵامی وەرچەرخانی دیموکراتیک بداتەوە.
یەکگرتنی دیموکراتیک بە لایەنی کەمەوە بەقەد سەرەتای دامەزراندنی کۆمار گرنگە. بانگەوازێکە کە بەقەد ئەو سەردەمە واتا و پاشەڕۆژ و دەوڵەمەندی لەخۆدەگرێت. لە بنەڕەتەکەشیدا مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەیە. ئەوە جێگرەوەیەکە بۆ شێوازە پارچەکەرەکان یان شێوازە ئاسیمیلاسیۆنیستەکان (تواندنەوە). بۆ گواستنەوە بەرەو یەکگرتنی دیموکراتیک، پێویستیمان بە یاساکانی ئاشتی هەیە. چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بونیادنانی تەلارسازی و یاسایەک لە چوارچێوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و کەلتووریدا پێشبینی دەکات.
زۆرێک لەو کێشە و قەیرانانەی ئەمڕۆ رووبەڕوویان دەبینەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی دیموکراتیکەوە دروستبوون. ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا، بەرگری لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین. پێویستیمان بە تێڕوانینێکە کە فەزا بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بۆ دیمۆکراسی بکاتەوە و بۆ ئەمەش، گەرەنتیی یاسایی بەهێز بونیادبنێت.
هاوڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ نەتەوەیەک. ئێمە بەرگری لە هاوڵاتیبوونێکی ئازاد دەکەین، کە سەکردایەتیی ئازادیی ئایین، نەتەوە و بیروڕا بکات. وەک چۆن ئایین و زمان ناسەپێندرێن، نابێت نەتەوەبوونیش بسەپێندرێت. پەیوەندیی هاوڵاتیبوونی یاسایی، لەناو سنوورە دیموکراتیکەکان و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی دەوڵەت، مافی دەربڕین و رێکخستنی ئازادانەی ناسنامەی ئایینی، ئایدیۆلۆجی و نەتەوەیی لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ، هیچ سیستمێکی بیرکردنەوە بەبێ بونیادنان لەسەر دیموکراسی ناتوانێت بژی. وەستان و چەقبەستوویی، ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتین؛ لە کۆتاییدا دیموکراسی دەبێتە هەمیشەیی. بانگەوازەکەمان ئامانجی ئەوەیە نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، چارەسەر بۆ کێشەی ژیانی پێکەوەیی و ئەو قەیرانانە بدۆزێتەوە کە لێیەوە دەبن. ئێمە بەرگری لە مافی بوون و دەربڕینی ئازادانەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە رووبەڕووی نادادپەروەری بوونەتەوە.
ژن، هێزێکی کۆمەڵایەتیی پێشەنگە کە هیچ کۆمەڵگە یان دەوڵەتێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوان ناتوانێت بەردەوامبێت. ئەمڕۆ، توندوتیژیی ناوخێزانی، کوشتنی ژنان و چەوسانەوەی باوکسالاری، هەموویان نیشانە هاوچەرخەکانی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بەکۆیلەکردنی ژنان دەستیپێکردووە؛ لەبەرئەوە، ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی بەهێزکردنی یەکگرتنی دیموکراتیکن.
زمانی ئەم سەردەمە، نابێت باڵادەست بێت. دەبێت دەرفەت بدەین بە هەر کەسێکی دیکە کە بتوانێت بەشێوەیەکی راست گوزارشت لە خۆی بکات، بە وردی گوێ بگرێت و راستییەکانی خۆی دەرببڕێت. بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەم خاڵانە، پێویستیمان بە عەقڵێکی هاوبەشی پێشکەوتوو هەیە کە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە بێت.