مانگی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانبارینەوە لافاوێکی مەترسیدار لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە چەمچەماڵ روویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی گـ.ـیانیان لەدەستدا و زیان بە تۆڕەکانی کارەبا کەوت، هاوکات کارەبای ئەو قەزایە گرفتی بۆ دروستبوو، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ دەڵێت، هەموو ئەو کێشانەی بەهۆی لافاوەکەوە دروستببوون لە ئێستادا چارەسەرکراوون و دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.
جگە لە ژێرخانی کارەبای چەمچەماڵ، زیانێکی زۆری ماددی بە ماڵ و حاڵی هاوڵاتییان، شوێنی بازرگانی و دامەزراوەکانی قەزای چەمچەماڵ کەوت، دۆخی چەمچەماڵ هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی هێنایە سەرهێڵ و کەمپەینی گەورە بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان لەلایەن هاوڵاتییانەوە رێکخرا. کە تواندرا بەشێوەیەکی گشتی زیاتر لە 14 ملیار دینار بەشێوەی نەختینە و چەندین تۆن خواردن و کەلووپەل کۆبکرێتەوە و پێشکەشی هاوڵاتییانی ئەو قەزایە بکرێت.
رۆژی 4ـی شوباتی 2026، عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاریی و بووژانەوەی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا داتایەکی تایبەتی سەبارەت بە هاوکارییەکانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ خستەڕوو و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، بە گشتی 14 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، سێ هەزار و 257 چەک بۆ زیانەکانی ناوماڵ، ئۆتۆمبێل و خانوو و دووکان و شوێنە بازرگانییەکان خەرجکراوە و دوای خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەش، 8 ملیار و 758 ملیۆن و 728 هەزار و 250 دینار ماوەتەوە و خراوەتە سەر هەژماری بانکی چەرموو.
عەتا محەمەد لەبارەی ئەو بڕە پارەی کە لە هاوکارییەکان ماوەتەوە رایگەیاند، لیژنەیەکی جێبەجێکار بە سەرپەرشتیی قائیمقام قەزای چەمچەماڵ و بە ئەندامێتیی سەرۆکشارەوانییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش، پێشنیاری ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەک دەکەن بەو پارەیە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی زیانەکانی لافاوەکەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ بڵاوکرایەوە، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس خـ.ـکان و 19 کەسیش بریندار بوون. هاوکات 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەناوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دوکان و شوێنی کار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
هەر بەهۆی لافاوەکەوە، زیان بە ژێرخانی کارەبای چەمچەماڵ کەوت و ماوەیەک کارەبای شارەکە بڕدرا. لەوبارەیەوە سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەر لە سەرەتای رووداوەکەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای چەمچەماڵ لەسەرهێڵ بووە و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە.
سەبارەت بە دۆخی کارەبای چەمچەماڵ، ئەردەڵان محمد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی بارانبارین، تیمەکانمان لە ئامادەباشدابوون بۆ رێگردن لە رووداوی نەخوازراو و چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک لە تۆڕی کارەبا و خۆشبەختانە ئێستا دۆخی کارەبای چەمچەماڵ ئاساییە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی کەمبوونەوەی خشتەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی ماوەیەک پێدانی کارەبا کەمبوو، لە ئیستادا لە پاش 1ـی شوباتەوە دۆخی پێدانی کارەبا ئاساییبووتەوە.