چالاكوانێك: دۆخی گوهدار زێباری ناجێگیرە

چالاكوانێكی مەدەنی دەڵێت، بۆ سێیەم رۆژە گوهدار زێباری لە مانگرتدایە و دۆخی تەندروستی بە “زۆر ناجێگیر” ناودەبات.

ئامەد پیران، چالاكوانی مەدەنی لە پەیامێكدا بۆ رای گشتی رایگەیاند، بارودۆخی تەندروستیی گوهدار زێباری لە ئاسایشی گشتیی هەولێر زۆر ناجێگیرە و سێیەم رۆژە لە مانگرتندایە.

وتیشی، “تائێستا هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ نەكراوە و لایەنی پەیوەندیداریش بە دەنگییەوە نەچوون”.

چاوەڕوان دەكرێت سبەی 20ی ئاب دۆسیەیەكی دیكە لەسەر گوهدار زێباری بجوڵێندرێت و رۆژێكیش بۆ دادگاییكردنی لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستنیشان بكرێت، ئامەد پیران وای وت.

ئەوەشی وت، “بە هەموو ئەگەرێکەوە گوهدار رووبەڕووی پلانێکی مەترسیداری دەزگای ئاسايش دەکرێتەوە”.

داواشدەكات سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ کار لەسەر رەوشی تەندروستیی گوهدار زێباری بکات و، رای گشتیش هەڵوێستی هەبێت چونكە “بەپێی ئەو پلانەی روودەدات، هەموو تاكێكمان چارەنووسمان وەك گوهدار دەبێت” وەك ئەوەی چالاكوانەكە دەیڵێت.

گوهدار زێباری، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020دا لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە بە تۆمەتی “سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران، لە 16ی شوباتی 2021یش لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی كرا.

دوای كەمكردنەوەی سزاكەی بەڕێژەی 60%، بڕیاربوو لە 16ی ئازاری 2023 ئازادبكرێت، بەڵام رۆژێك پێشتر واتە لە 15ی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی و دوای تانەدان لە بڕیارەكە، ماوەی سزاكەی لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

ماوەی سزای دووەمی چوارشەممەی رابردوو 16ی ئاب تەواوبوو، بەڵام چالاكوانەكە لە زیندان هێڵدرایەوە و بەپێی وتەی پارێزەر، كەسوكار و چالاكوانان دیسان دۆسیەیەكی دیكەی لەسەر كراوەتەوە.

لەسەر ئەو دۆسیە نوێیە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، گوهدار زێباری دۆسیەی چەكی بۆ كراوەتەوە، چەكەكەش تاپڕێكی ساڵی 1960و هی باپیریەتی و لە ماڵی خوشكەكەشیدا گیراوە.

بابەتی پێشتر

نێیمار گەڕایەوە پێکهاتەى بەرازیل

بابەتی دواتر

بنەماڵەی گوهدار زێباری: تەندروستیی گوهدار لە ئاسایشی هەولێر زۆر ناجێگیرە و 4 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share