حزبوڵا: فڕۆكەیەكی ئیسرائیل-مان خستەخوارەوە

حزبوڵای لوبنان دەڵێت، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی خستووەتەخوارەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات، حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند، “فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سوپای ئیسرائیل هاتە ئاسمانی لوبنانەوە و خستمانەخوارەوە.”

لە ڕاگەیەندراوێكدا حزبوڵا ئاشكرایكرد كە ئێستا فڕۆكەكە لەلایەن چەكدارەكانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، “فڕۆكەیەكی ئیسرائیل لە لوبنان خراوەتەخوارەوە.”

ڕوونیشیكردەوە كە فڕۆكەكە ئۆپەراسیۆنێكی لەنزیك هێڵی شین (هێڵی جیاكردنەوەی سنوور) ئەنجامداوە و لەوێ خراوەتەخوارەوە، بەڵام “داتا و زانیارییەكانی هاكنەكراون.”

لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا، ئیسرائیل دامەزراوەیەكی سەربازی و هەواڵگری لە سنووری لوبنان دروستكرد.

ئەوكات لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی دامەزراوەكەدا كە فەرماندە سەربازییە باڵاكانی ئیسرائیل ئامادەیبوون، جەنەراڵ- ئەمیر بەرعەم، فەرماندەی فەرماندەیی باكوور لە سوپای ئیسرائیل وتی، “دامەزراوەكە بە پلانێكی ورد دروستكراوە و هاوشێوەی گوندێكی لوبنانییە، پشت بە قووڵایی هەواڵگری و تێگەیشتنی مەیدانی لە خاكی دوژمن دەبەستێت.”

لەو بارەیەوە سوپای لوبنان ڕایگەیاند، “مەبەست لە كردنەوەی دامەزراوە سەربازییەكە، ڕوبەڕوبوونەوەی حزبوڵای لوبنان و سەركەوتنە بەسەریدا.”

بابەتی پێشتر

لەماوەی یەك هەفتەدا 740 بومەلەرزە غەرناتەی ئیسپانیای لەرزاندووە

بابەتی دواتر

نەتەوەیەكگرتووەكان باس لە خراپی دۆخی ژیانی ئاوارە سورییەكان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share