ئەمریكا و ئەوروپا تاوتوێی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و هەڵوێستی ئێران دەكەن

بڕیارە سبەینێ نوێنەرانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە پاریس کۆببنەوە، لە چێوەی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەدرێن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، سبەینێ هەینی نوێنەرانی هەر یەك لە وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لە پاریس کۆدەبنەوە.

نوێنەری یەكێك لەو وڵاتانە بە ئاژانسەكەی وتووە، “هیوادارە کۆبوونەوەکە بەرچاوڕوونییەک بدات لەسەر ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا چۆن مامەڵە بکەن، ئەگەر هاتوو ئێران بەردەوامبوو لە بەفیڕۆدانی کات و دواخستنی گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکانی ڤییەنا”.

دیپلۆماتكارەكە پێیوایە “خەریکە کاتەکە بەسەر دەچێت بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەكە”، لەكاتێكدا ئێران لەماوەی ڕابردوودا باسیلەوەكردووە، بەمزووانە دەگەڕێنەوە بۆ دانوستانەكان.

لەماوەی ڕابردوودا نزیكەی حەوت گەڕی گفتوگۆكانی گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئەنجامدراوە، بەڵام چەند مانگێكە گفتوگۆكان ڕاگیراون و وڵاتان چاوەرێی هەڵوێستی حكومەتی نوێی ئێرانن لەوبارەیەوە.

قسەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران بەو ئاراستەیە بووە كە دانوستانەكان بەمنزیكانە دەستپێدەكەنەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 کشایەوە، ژمارەیەك سزاشی بەسەر تاراندا سەپاند، دواتریش ئێران لە چەند بەرپرسیارێتییەكی نێو ڕێککەوتنەکە كشایەوە و دەستیكردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەوڵەكانی بۆ دەستگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی.

بابەتی پێشتر

لە سوریا هێرشكرایه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

بابەتی دواتر

عەبدوڵا پەشێو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share