بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دەباشان بەڕێوەچوو.
تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە بریتیبوون لە، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تێڕوانین و ستراتیجی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ.
جەخت لەوەكرایەوە، مەهامی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەت خزمەتكردنی هاوڵاتییان و سەرجەم چین و توێژەكانە بەبێ جیاوازی.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەکرایەوە، کە یەکێتی رۆڵی خۆی دەگێڕێت و هێزی کۆمەڵانیی خەڵکی کوردستان دەبێت لەگەڵ هاوپەیمان و لایەنە سیاسیەکانی عێراق بۆ بەدیهێنانی عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆ، کە بگات بە ئاستی چاوەڕوانی گەلەکەی و بە پرۆژەیەکی سیاسی و ئابوری نوێ خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی عێراق بە هەموو نەتەوە، مەزهەب و پێکهاتەکانییەوە بکات بەبێ جیاوازی.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، هەڤاڵی تێكۆشەر و خۆشەویست، دوای 49 ساڵ خەبات و قوربانیدان، هەروەها ئامادەبوونی لەهەموو قۆناغەكانی شاخ و شار، هەڤاڵی تێكۆشەر (شاڵاو شەهید عەلی عەسكەری)، بەویستی خۆی داوای لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی كرد، دەستبەرداری پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت، لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە لە دەرەوەی ئۆرگان و بەرپرسیارێتی حزبی داكۆكیكارێكی سەرسەختی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت و لەهەر وێستگەیەكی خەباتیشدا لەپێناو یەكێتی ئامادەیی دەبێت.
لەبەرامبەردا، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی خەبات و قوربانیدان و تێكۆشانی خۆی و خانەوادە سەربەرزەكەیانی كرد، هەروەک رۆڵی هەڤاڵ شاڵاوی بەرز نرخاند، لەو دەستپێشخەرییەی بۆ دەستبەرداربوون لەپۆستەكەی كردوویەتی و وتی، “دەگمەنن ئەو سەرکردانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری پۆست دەبن، ئەوەی باوە بەرپرسانی ناوچەکە هێندە لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، کە خەڵک کارە باشەکانیان لەیاد دەکەن، بۆیە ئەوەی هەڤاڵ شاڵاو ئەمڕۆ کردی نموونەی سەرکردەیەکی سەربەرز و بوێر و نیشتیمان پەروەرە”.
هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، رۆڵی هەڤاڵ شاڵاویان بەرز نرخاند، لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشانی چەندین ساڵەی رابردووی لەنێو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.