دابینکردنی نەوت بۆ خوێندنگەکان ئەمساڵ چۆن دەبێت؟

بڕیارە ئەمساڵ چەندین ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستان دابینبكرێت، بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان بڕی نەوتەكە هەشت ملیۆن لیترە و بەرپرسانی پەروەردەی هەولێر و سلێمانی داواكارییان بۆ وەرگرتنی نەوت پێشكەش بە وەزارەتی پەروەردە كردووە و چاوەڕوانی پەسەندكردنی داواكارییەكان و گەیشتنی نەوتن.

هانا عومەر، بەڕێوەبەری كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاند، ساڵانە نەوت بەسەر خوێندنگەكانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەدا دابەشدەكرێت و پشكی پارێزگای هەولێر ساڵی ڕابردوو سێ ملیۆن لیتر نەوت بووە.

لە لێدوانێكدا بۆ “ئێستا” هانا عومەر ئاشكرایكرد، داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ وەرگرتنی نەوتی ئەمساڵ و بڕیارە لە مانگی داهاتوو یاخود مانگی دواتردا، نەوت بەسەر خوێندنگەكاندا دابەشبكرێت.

وتیشی، “هەموو ساڵێك زیاتر لەوەی پێویستە نەوت دابینكراوە، بەو پێیەی 11 پەروەردەی سنووری پارێزگای هەولێر، داوای چوار ملیۆن لیتر نەوت دەكەن، وەزارەتی پەروەردە سێ ملیۆن لیتر نەوت دابیندەكات بەڵام لەو بڕەش نەوتی زیادە دەمێنێتەوە و ئەمباردەكرێت و ساڵی دواتر تا كاتی دابەشكردنەوەی نەوت، ئەو نەوتەی ساڵی پێشوو ئەمباركراوە بەشی بەكارهێنان و پێویستیی خوێندنگەكان دەكات”.

سەبارەت بە سنووری پەروەردەی گشتیی پارێزگای سلێمانی، بەناز ڕەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا و تریفە محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات بۆ ئێستا دوان و وتیان، داواكارییان بۆ وەرگرتنی نەوت پێشكەش بە وەزارەتی پەروەردە كردووە و چاوەڕواندەكەن هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، نەوتی دیاریكراو بۆ سنووری پەروەردەی گشتیی سلێمانی ڕەوانەبكرێت.

بابەتی پێشتر

ساڵنامەی "فۆرمولا 1" لە 2023دا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات

بابەتی دواتر

پەرلەمان هەوڵدەدات قەرزەكانی حكومەت لە مووچەی پاشەكەوتكراو بدرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پێشبینییەكانی بۆ كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوكردەوە بەپێی پێشبینییەكان سبەی پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە.…
Total
0
Share