بۆردی راگەیاندنی یەکێتی رایگەیاند، لە هەولێرەوە هەوڵی بەئامانجگرتنی میدیای سلێمانی دەدرێت و چەند نووسراوێكی نهێنییان بۆ راگرتن و داخستنی بەشێكی ئەو میدیایانە كردووە.
بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چەند تیمێکی (ئای تی) لە هەولێرەوە ئەركیان بووەتە چاودێری و داخستنی سەرچاوە میدیاییە مۆڵەتپێدراوەكان و لە تازەترین هەنگاویان بۆ بەئامانجگرتنی میدیای سلێمانی، چەند نووسراوێكی نهێنییان بۆ راگرتن و داخستنی بەشێكی ئەو میدیایانە كردووە و چەند سەرچاوەیەكیان داخستووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە وەک راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەتوندی ئەو رەفتارە شەرمەزاردەكەین، كە پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەنووسی و رێنماییەكانی بەخشینی مۆڵەتە و دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئازادیی رادەربڕین و میدیایی و دۆخی میدیا لە هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەرامبەر ئەو رەفتارە، باڵیۆزخانە و سەندیكای رۆژنامەنووسان و رێكخراوە كوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتییەكان ئاگاداردەكەینەوە و هەموو رێكارێكی یاسایی بە ئەگەرێكی كراوە دەمێنێتەوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم رەفتارە، ئۆباڵی هەر كاردانەوەیەک لە ئەستۆی ئەوانە”.