بافڵ جەلال تاڵەبانی: رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا

سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووەوە و رایدەگەیەنێت، رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە بەغداد کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بەئامانجی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە هەوڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت.

‏‎وتیشی، کاری لەپێشینەی ئێمە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانەیە بۆ خەڵکەکەمان و هەموو هەوڵێکیش لەو پێناوەدا دەدەین. وەکچۆن هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە کاربکەن و لەخزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بن.

‏‎لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک بافڵ وتی، “رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی هەموولایەک بێت”.

بابەتی پێشتر

نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین سەرجەم لایەنەكان كۆك بن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن

بابەتی دواتر

دوای دوو مانگ لە وەستانی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا دەستیانپێکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share