کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم، باران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان بەگشتى لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و کاریگەریی ئەم نزمە پاڵەپەستۆ لاوازەى کە رووى لە ناوچەکەمان کردووە (سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى و بەشێک لە ئیدارەى زاخۆ) درێژدەبێتەوە بۆ سەر بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگای هەولێر، شێوازى دابارینیش بەشێوەى نمەبارانى پچڕپچر دەبێت و ئەگەرى هەورەبروسکە لەسەر ناوچە شاخاوییەکانى دهۆک هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەی گەرمی نزیکدەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان نەبێت، کەمێک نزمدەبێتەوە.
لەبارەی کەشی سبەی چوارشەممەوە، کەشناسی باس لەوەدەکات، ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت، لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى باکوور و باکوورى رۆژئاوا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو لەگەڵ بارینى نمەباران لەسەر ئەو ناوچانە، تاوەکو دواینیوەڕۆ.
پێشبینیشدەکات، پلەی گەرمی بەراورد بە ئەمڕۆ، کەمێک بەرزببێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو:
هەولێر : 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 27 پلەی سیلیزی
دهۆک : 26 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 27 پلەی سیلیزی
ئامێدی : 25 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 27 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 28 پلەی سیلیزی
سۆران : 26 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 31 پلەی سیلیزی