حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی مووچەخۆران بڕیاریدا رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات، داواش دەکات بەبێ کێشە حکومەتی فیدراڵی دەستبکاتەوە بە ناردنی مووچە لەکاتی خۆیدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەئێستادا توانای هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووتەوە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەجۆرێك بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچە، بڕیاریداوە 50 هەزار بەرمیل بۆ خەرجیی پاڵاوگەکان و پێداویستییەکانی ناوخۆ گلبداتەوە و دواتریش 100 هەزار بەرمیل رادەستی بەغداد بکات، 80 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش بدات بە کۆمپانیاکانی نەوت لەبەرامبەر خەرجیی دەرهێنان و گواستنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە بەغداد دەکات، لە پاش رادەستکردنی یەکەم بەشی ئەو 100 هەزار بەرمیل نەوتە، راستەوخۆ و بەبێ کێشە دەستبکاتەوە بە ناردنی مووچە لە کاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن.
حکومەتی هەرێم وتووشیەتی، خەرجکردنی مووچە دەبێت لە مانگی حەوتەوە دەستپێبکاتەوە، بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵ، هیچ مووچەیەکی مانگەکەکانی دیکە نەفەوتێت، چونکە کۆتا مووچەی نێردراو، مووچەی مانگی شەش بووە.
هەر لەبارەی پرسی دابەشکردنی مووچەی پێنج مانگی کۆتایی ئەمساڵ لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا، رێککەوتنەکە بەجۆرێكە دەبێت بنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چۆنیەتیی ناردنی دوو مووچە لە یەک مانگدا دیارنییە و چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا و پاش رادەستکردنی نەوت، روونبکرێتەوە.