پاش ئەوەی دوێنێ بڕیاردرا بە چۆڵکردنی بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ بە کردەیی سوپای ئەمریکا دەستی بە هەنگاونان لەبارەیەوە کردووە و بەشێک لە سەربازان و ئامێر و کەلوپەلەکان گوازراونەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، پێشتر تەنها رێگە بە گواستنەوەی کەلوپەل و ئامێرەکان دەدرا و ناردن و
رۆیشتنی سەربازان سنووردار بوو، بەڵام لەمڕۆوە هەندێک لە سەربازانی سوپای ئەمریکا رێگەیان پێدەدرێت بنکەکە بەجێبهێڵن و بڕیاریشە تا سەرەتای مانگی ئەیلوول بنکەکە بە تەواوی چۆڵبکرێت و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول بنکەکە دابخرێت.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەشێکە لە رێککەوتنەکانی نێوان بەغداد و واشنتن لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی سوپای ئەمریکا لە عێراق و رادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە هێزە ئەمنییەکانیی عێراق.
سوپای ئەمریکا لە هەولێر بە پلەبەندی ژمارەی سەربازانی کەمدەکاتەوە بۆ 500 سەرباز و، بەشێکی تریشیان دەنێرێتە بنکەکانی تر لە عێراق و سووریا.
بنکەی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار و یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکان لە عێراق، لە ساڵی 2003 ەوە وەک یەکێک لە بنکە ستراتیژییەکان سوودی لێوەردەگیرێت لەلایەن سوپای ئەمریکاوە.