هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، چەند میوەفرۆشێک کە بە بارهەڵگرەکانیان لەینێکی شەقامیان لە سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود گرتبوو، رووبەڕووی یاسا کرانەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، شۆستە و شەقامەکان موڵکی گشتین و قۆرخکاری لەلایەن هەر کەسێک کارێکی نایاساییە و ئاستەنگی هاتوچۆ دروستدەکات و ئەگەری کەوتنەوەی رووداوی هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە.
دەشڵێت، ئەمڕۆ بەشی هاتوچۆی ناوشار – رۆژئاوا لە هەڵمەتێکدا رێکاری یاساییان گرتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کاری میوەفرۆشتن دەکەن و بە بارهەڵگرەکانیان لەینێکی شەقامەکە دەگرن لە سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لەنزیک پردی کۆبانی بە ئاراستەی هەواری شار.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، داواکارین لە هاوڵاتییان هاوکاربن و خۆیان لەم جۆرە سەرپێچییانە بەدووربگرن و بەهەمووان سیمای شارستانیەتی شارەکەمان بپارێزین.

