سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل ئامادەین و دەستبەرداری مافی بەرگریکردن لە خۆمان نابین.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، “ئیسرائیل گورزی بەهێزی لە ئێران داوە، بەڵام ئێمە لە بەرامبەردا هێرشی توندمان کردووەتە سەریان و ئەوان دەیانەوێت شکستەکانیان لە رای گشتی بشارنەوە”.
وتیشی، پابەندین بە بژاردەی بەرگریکردن لە خۆمان. ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام باوەڕمان بەوەش نییە کە ئاگربەست هەمیشەیی بێت، بۆیە بە هەموو توانامانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل ئامادەین.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوەشکردەوە، “ئێران خۆی رادەستنەکردووە و ئەمەش بۆ هەموو لایەک روونە، بەڵام بڕوامان بە دیپلۆماسیەت و دیالۆگ هەیە”.