بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لەبارەی بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە داوایەک لە هاوڵاتییان دەکات.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، داوا لە هاوڵاتییان دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و دڵنیابن لە سەرچاوەی ئەو ئاوەی کە بۆ خواردنەوە بەکاریدەهێنن.
باسی لەوەشکرد، دەبێت هاوڵاتییان لەکاتی بەکارهێنانی ئاوی تانکەر زۆر وریابن و هەرتانکەرێک لێی نەنووسرابوو بۆ خواردنەوە شیاوە بەکارینەهێنن و ئەو خاوەن تانکەرانەش کە ئاوی نەشیاو بە هاوڵاتییان دەفرۆشن سزادەدرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەوەشی وت، هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارنەکراوە و ئەوەی کە هەیە پەتای وەرزییە، دواکەوتنی مووچەش کاریگەریی لەسەر کەرتی تەندروستی هەبووە، بەڵام هێڵە سوورەکانی فریاکەوتن لەکارکردن بەردەوامن و نەوەستاون.