یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، بۆیە 20 کورسیمان بۆ کۆلێژی پزیشکیی دابینکردووە، چونکە دەمانەوێت کوالێتییەکی بەرزی خوێندن پێشکەشبکەین.
د.هەڵگورد عەلی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بۆ خوێندنی زانستی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “شێوازی وەرگیران لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە بە شێوازی فۆڕی راستەخۆیە و لەژێر چاودێری راستەوخۆی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمدایە، هەر خوێندکارێک کۆنمرەی سەروو 93 بێت دەتوانێت ئەو فۆڕمە پڕبکاتەوە”.
دەشڵێت، “مەرج نییە ئەوەی کۆنمرەی 93ی هەبێت وەربگیرێت، بەڵکو خوێندکاران دەچنە کێبڕکێ بۆ 20 کورسی کۆلێژەکە، بەرزترینەکان بەپێی خاڵبەندیی و کۆنمرە وەردەگیرێن”.
باسی لەوەشکرد، “20 کورسی خوێندن بە شێوازی خوێندنی زانکۆلاین و پارالێڵ دابینکراوە، خوێندکاران دەتوانن تاوەکو رۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی زانکۆی هەڵەبجە بکەن و فۆڕمی راستەوخۆی کۆلێژی پزیشکیی پڕبکەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “نامانەوێت خوێندکارێکی زۆر وەربگرین بەڵام کوالێتی کۆلێژەکە خراپ بێت، بەڵکو دەمانەوێت کوالێتییەکی باش بۆ خوێندکارانی کۆلێژەکە دابینبکەین، بۆیە ژمارەیەکی کەم خوێندکار وەردەگرین”.