سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا، ئاگربەستێکی “هەمەلایەنە و دەستبەجێ”ـی لە شاری سوەیدا راگەیاند و دەڵێت، “بۆ رێگریکردنە لە خوێنڕشتن و پاراستنی یەکڕیزیی وڵات”.
سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا بەیاننامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و ئەمەی خوارەوە، دەقەکەیەتی:
لەبەر رۆشنایی ئەو هەلومەرجە سەختەی وڵاتەکە تووشی بووە، هەروەها لە خەمی راگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی یەکێتیی خاکی سوریا و سەلامەتیی گەلەکەی و لە بەرامبەر بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆیی، سەرۆکایەتیی کۆماری عەرەبیی سوریا ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و دەستبەجێ رادەگەیەنێت.
بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئاگربەست، هێزە ئەمنییەکان لە ژمارەیەک ناوچە بڵاوەیان پێکراوە و داوا لە هەموو لایەک دەکەین، رێگە بە دەوڵەت و دامودەزگاکانی و هێزەکانی بدەن، ئاگربەستەکە جێبەجێبکەن.
داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین، بەبێ جیاوازی، بە تەواوی پابەندی ئەم بڕیارنامەیە بن و دەستبەجێ هەموو ئۆپراسیۆنەکان رابگرن، پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی مسۆگەربکەن، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان ئاسانبکەن.
هەر جۆرە پێشێلکارییەک لەم بڕیارە، دەبێتە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی نیشتمانی و بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، بە رێوشوێنی یاسایی پێویست، وەڵامدەدرێتەوە.