بەرهەم قەرەداغی: تیروپشک بۆ یەکەی نیشتەجێبوونەکانی سیتەک، زڕگوێز و کەڵەوانان دەکرێت

سکرتێریی گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان رایدەگەیەنێت، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا تیروپشک بۆ یەکەی نیشتەجێبوونەکانی سیتەک، زڕگوێز و کەڵەوانان دەکات.

 

بەرهەم قەرەداغی سکرتێریی گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تا 15 ی ئەم مانگە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تیروپشک بۆ دابەشکردنی نۆ هەزار و 401 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە سێ هەزار و 620 یەکەیان دەکەوێتە سنووری سلێمانی لە سیتەک، زڕگوێز و کەڵەوانان، کە بەشێکیان تەواوبوون و تەنها پرۆژەی خزمەتگوزارییان ماوە.

ئاشکراشیکرد، لە ساڵی 2013 ژمارەیەکی زۆر لە کرێنشینان فۆڕمی ئەم یەکە نیشتەجێبوونانەیان پڕکردەوە، جارێکی دیکە و لە ساڵی 2023 بە رێگای ئۆنلاین فۆڕمیان پڕکردەوە، ئێستا زۆرینەی ناوەکان جیاکراونەتەوە و خاڵبەندییان بۆ کراوە، کە دواتر و بەپێی ئەو خاڵبەندییە بەسەر کرێنشیناندا دابەشدەکرێت.

بەرهەم قەرەداغی جەختیکردەوە، پرۆژەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری لەسەرداوە، هیچ نەچووەتە پێشەوە و هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی نەنراوە، ئەو تیروپشکەی بڕیارە لەم چەند رۆژەدا بکرێت، تایبەتە بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و پەیوەندی بەو پرۆژەیەوە نییە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share