ئەمڕۆ یەکەم رۆژی هاوینە

وەرزی بەهار کۆتاییهات و ئەمڕۆ یەکەمین رۆژی وەرزی هاوینە.
هاوین، یەکێکه لە چوار وەرزەکەی ساڵ و گەرمترین وەرزە لە ناوچە مامناوەند و جەمسەرییەکاندا، هاوین دوای بەهار دێت و دوای هاوینیش وەرزی پایزە.
لە وەرزی هاویندا رۆژ درێژ و شەو کورتە، چونکە خۆر زووتر هەڵدێت و درەنگتر ئاوادەبێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی درێژیی رۆژیشدا بەرەو وەرزگۆڕین دەچین، وەرز گۆڕین نزیکەی سێ رۆژ پێش چلەی هاوینە.
کاتی دەستپێکردنی وەرزی هاوین بە پێی ئاووهەوا و نەریت و کەلتوور دەگۆڕێت، کاتێک لە نیوەگۆی باکوور هاوینە، لە نیوەگۆی باشوور زستانە و بە پێچەوانەشەوە.
بەگشتی وەرزی هاوین لە ژێر کاریگەریی ئاووهەوای گەرمدایە و پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە، و ئاووهەوای دەریای ناوەڕاستیش لە ژێر کاریگەریی هەوای وشکدایە، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکە بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ئاسیا لە ژێر کاریگەریی ئاووهەوای باراناوییدایە.
لە زۆربەی وڵاتاندا قوتابخانە و زانکۆکان، سوود لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و درێژیی رۆژەکانی هاوین وەردەگرن، بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو وڵاتێکدا قوتابیان پشووی هاوینەیان لە وەرزی هاویندایە هەرچەندە کاتەکەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە له ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشووی هاوینەی قوتابخانەکان بەزۆری لە کۆتایی مانگی ئایاردایە لەکاتێکدا پشووی هاوینەی کۆلێژەکان لە سەرەتای مانگی ئایاردایه، لە بەریتانیا قوتابخانەکان لە نیوەی مانگی تەمموزدا پشووی هاوینە وەردەگرن و لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا دووبارە دەستپێدەکەنەوە.
بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share