پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق لە بەردەم چەند پێشنیارێكدایە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجە درێژەی هەیە و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، چەندین پێشنیار دەربارەی پشكی هەرێم لە ئارادایە و هێشتا نەگەیشتونەتە داڕشتەیەكی هاوبەش.

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە تاوتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 بەردەوامە، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لیژنەكە لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ سێشەممە 26ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “كۆبوونەوەكانی لیژنە بەردەوامە، چاوەڕوانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆژەیاسای بودجە تەواو بكەین و لەسەر پشكی هەرێم بگەینە داڕشتەیەكی هاوبەش”.

وتیشی، “سەبارەت بە پشكی هەرێم و پابەندییەكانی ئەستۆی پێشنیار لای ئێمە و لای لایەنەكانی دیكە هەیە و تائێستا نەگەیشتوینەتە دوا داڕشتە”.

شاندی حكومەتی هەرێم هێشتا لە بەغداد ماوەتەوە و دوور و نزیك چاودێری كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی دەكات، كە پێشنیار و بڕیارەكانی ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە یەكلاكردنەوەی بڕگەكانی پرۆژەیاساكە لەناو هۆڵی پەرلەمان لەكاتی دەنگدان لەسەری.

شیروان میرزا وتی، كۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی شاندەكە “باش” بوو و ئەندامانی لیژنەی دارایی كۆمەڵێك پرسیاریان هەبوو، لەهەمان كاتدا داتا و زانیارییان دەویست، شاندی حكومەتی هەرێمیش داتا و زانیارییەكانیان پێدان و وەڵامی پرسیارەكانیان دانەوە و ئامادەیی حكومەتی هەرێمیشیان بۆ ڕێككەوتن دوپاتكردەوە.

هەر لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە پێشتر سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی فەرمیی جێگری سە‌رۆكی ئەنجومەنی وەزیران تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە‌ كۆبوونەوە‌كە‌دا بە‌ وردی و بە ژمارە گفتوگۆ كرا لە‌بارە‌ی داھات و خە‌رجییە‌كان”.

وتیشی، “ھە‌موو ئە‌و داتا و زانیارییانەی ھە‌رێمی كوردستان كە‌ پێوست بوون، بۆ لیژنە‌ی دارایی پە‌رلە‌مانی عێراق خرانە‌ڕوو”.

سەمیر هەورامی ئاشكراشیكرد كە “كۆبوونە‌وە‌كان بە‌ردە‌وام دە‌بن بۆ ئە‌وە‌ی ڕێككە‌وتنی مانگی 12ی ساڵی 2020ی هەردوو حكومە‌تی ھە‌رێم و فیدراڵ لە‌ بودجەی 2021دا بچە‌سپێندرێت”.

لای خۆیەوە، ئەحمەد سەفاڕ، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، “شاندی هەرێم ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاوكارییكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە بنەڕەتەوە، هەروەك ڕەزامەندیی سەرەتاییانەی خۆی دەربڕی بۆ ئەو سیناریۆیانەی كە حكومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتەكانی هەرێم لە بودجەدا دەیانخاتەڕوو”.

سەفار ئاشكرایكرد، “لە كۆبوونەوەی داهاتوودا و دوای ئەوەی حكومەتی فیدراڵی وردبینی بۆ هەموو داتاكانی پەیوەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و دۆسیەی گومرگ و دەروازە سنوورییەكان دەكات، شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی بگەنە ڕێككەوتنی یەكجارەكی”.

بابەتی پێشتر

نێچیرڤان بارزانی: ئاژانسی هەواڵی فارس هەوڵیداوە ڕاستییەكان بشێوێنێت

بابەتی دواتر

بەشیر حەداد: ئەمجارە دەتوانین بەئاسانی پشكی هەرێم تێبپەڕێنین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share