پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، “سێ کەس بە تۆمەتی دزینی 22 مسقاڵ ئاڵتون دەستگیرکران”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “رۆژی هەینی دووهاوسەر دوای ئەوەی لەسەفەر بوون و گەڕاونەتەوە لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان سکاڵایان تۆمارکردووە کە دز چوونەتە ماڵیان و 22 مسقاڵ ئاڵتونیان لێدزراوە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دوای فەرمانی دادوەر دەستی بەلێکۆڵینەوە کرد”.
دەشڵێت، “بەماوەی کەمتر لە دوو رۆژ و بەهاوکاریی بەشی پشکنینی کامێراکانی چاودێری توانرا تاوانباران بناسرێنەوە و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە و بەماددەی یاسایی 443 دەستگیر بکرێن و ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە”.
پۆلیسی گەرمیان ئەوەش دەڵێت، “داوا لە هاوڵاتییان دەکەین هۆشیاربن لە هەڵگرتنی ماڵ و موڵکیان تاوەکو لە رووداوی دزیکردن پارێزراوبن، هەروەها هەر دووکاندارێک و زەنگەرێک مامەڵە بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتییانەوە بکات لەچوارچێوەی یاساکاندا نەبێت رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە و وەک تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت “.