لە پەراوێزی كۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ كۆنستاتینۆس تساریاراس، وەزیری كشتوكاڵ و پەرەپێدانی گوندەكانی یۆنان كۆبووەوە و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولایان لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكدا تاوتوێكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی دارارەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان كردەوە لەسەر پێویستیی كاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و یۆنان لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆراكدا و هاوڕاشبوون كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی گرنگی كشتوكاڵییە و لەڕێگای وەبەرهێنانی زیاتر و پلانی گونجاوەوە دەتوانرێت بەشێكی گرنگی پێداویستییەكانی بازاڕەكانی عێراق و ناوچەكە دابینبكات.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران روونیكردەوە لەپێناو هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتدا، لەم ساڵانەی دواییدا حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ داوە و لەم چوارچێوەیەشدا و بە تایبەتیش بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی و بووژانەوەی گوندەكان دەیانەوێت سوود لە ئەزموون و پسپۆڕی وڵاتی یۆنان وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشدا بەوپێیەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشەدایە، وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵدا هەنگاوێكی گرنگ و ستراتیژییە و جگە لەوەی رێژەیەكی زۆر هەلی كار دەڕەخسێنێت و سەرچاوەیەكی داهاتی درێژخایەنە، ئاسایشی خۆراكی كوردستان و عێراقیش پارێزراوتر دەبێت.