کشتوکاڵی سۆران رایگەیاند، “داوای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی تەرزەبارینەکەی سنووری سۆران دەکەین”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سۆران، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردن و بەرزکردنەوەی راپۆرتێک بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ حکومەتی ناوەند کە تیایدا داوای قەرەبوو دەکرێت بۆ زیانلێکەوتووانی قەیرانی ئەم دواییەی تەزرە کە بەر خەڵکی سنووری سۆران کەوتووە”.
دەشڵێت، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنیەتی رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانەکان کرا بە شێوەیەکی گشتی و قەیرانەکانی وشکەساڵی بە تایبەتی،هەروەها باس لە دابەشکاریی قەیرانەکان کرا (قەیرانە سروشتییەکان و قەیرانە دەستکردەکان).
بەپێی راگەیەندراوەکە، “ئەو کۆبوونەوەیە لەنێوان ژووری بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ژووری قەیرانەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاوشان لەگەڵ نوێنەرەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران و شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاو و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سۆران و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران و بەرێوەچووە”.