ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی: کارەبای 24 کاتژمێری دزی و تاڵانییە

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، “کارەبای 24 کاتژمێری دزی و تاڵانییە”.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “وەکو ئاگادارن زیاتر لە 30 ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن و گەلی کوردستان بێ مووچە و برسی دەکەن، بەتایبەتی لەدوای ئابوریی بەناو سەربەخۆوە وە لەو رۆژەوە ئەم دەسەڵاتە نەزانە بڕیاریدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت، بێ مووچەیی و هەژاری دواکەوتنی مووچە دەستیپێکرد”.

دەشڵێت، “دەسەڵاتدارە بێ ویژدانەکە لەجیاتی قەرەبووکردنەوەی ئەو دۆخە سەختەی ژیانی هاوڵاتییان و مووچەخۆران بەردەوام بە بڕیاری ستەمکارانە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان سەختر دەکەن و گرانی و نەبوونی زیاتر دەکەن، لەم چوارچێوەیەشدا بە بیانوی دابیکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیانەوێت نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکەن و تەواوی هاوڵاتییان بکەنە کرێچیی کۆمپانیای حزبی”.

ئەوەش دەڵێت، “ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ هەستکردنمان بەم پیلانە ستەمکارانە و مەترسیدارە وە بۆ خستنە بەردەم بەرپرسیاریەتی و دروستکردنی کۆدەنگیی جەماوەری دژی ئەم دزی و تاڵانییە لە گیرفانی هاوڵاتییان لە چەند رۆژی ڕرابوردوو ژمارەیەک کۆبونەوە و دیدارمان لەگەڵ یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلام و ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حزب و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات، ئەنجامدا”.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “ئەرکی هەمو هاوڵاتییان و زانایانی ئایینی و حزب‌ و رێکخراوەکانە پێش ئەوەی ببین بە کرێچیی کۆمپانیاکانی حزب‌، بەگژ ئەم پیلانە بێ ویژدانانە و ستەمکارانانەدا بچینەوە و هەڵویستی جددی و بەردەواممان هەبێت، ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە لە ئاست ئەم گیرفانبڕینە و هەر ستەمێکی دیکە بێدەنگ نابین، ئەگەر رانەگیرێن لە ئاییندەدا بەهاوکاریی سەرجەم چین و توێژەکانی دیکە هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت “.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share