لە مانگی رەمەزاندا، بەشێکی رۆژووەوانان لە کاتی بەڕۆژووبووندا بەدەست بۆنی ناخۆشی دەمەوە دەناڵێنن، پسپۆڕانی بواری تەندروستییش، چارەسەر بۆ ئەم دۆخە دەخەنەڕوو.
بەپێی وتەی پسپۆڕان، هۆکاری سەرەکیی بۆنی ناخۆشی دەم لە رۆژووەواناندا، دەگەڕێتەوە بۆ گرنگینەدان بە پاکوخاوێنیی دەم و ددانیان، لەپاڵ ئەم هۆکارەشەوە، ئەمانەی خوارەوە چەند هۆکارێکی ترن.
– وشکبوونەوەی دەم/ نەخواردنەوەی ئاو بۆ ماوەیەکی زۆر، دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی لیک، ئەمەش رێگە بە بەکتریا دەدات زۆرببێت و بۆنی ناخۆش دەربدات.
– کەڵەکەبوونی پاشماوەی خۆراک/ پاکنەکردنەوەی ددانەکان بەباشی پاشماوەی خۆراک بەجێدەهێڵێت، کە شیدەبنەوە و بۆنێکی ناخۆش دروستدەکەن.
– خواردنی ئەو خۆراکانەی بۆنێکی بەهێزیان هەیە/ وەک سیر، پیاز و بەهارات.
– زۆرخواردنی شیرینی/ دەبێتەهۆی گەشەکردنی بەکتریا و ئەمەش بۆنی ناخۆش لە دەمدا دروستدەکات.
– کێشەی تەندروستی/ نەخۆشیی پوک، هەوکردنی دەم و قوڕگ، تەنانەت کێشەی هەرسیش، رەنگە هۆکاربن بۆ بۆنی ناخۆشی دەم.
پسپۆڕانی بواری تەندروستی رێنمایی ئەو کەسانە دەکەن کە بۆنی ناخۆشی دەمیان هەیە بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە، گرنگترینیان ئەمانەن:
– خواردنەوەی بڕێکی پێویست ئاو لە شەوان و پارشێوان، بۆ شێدارکردنی دەم و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی لیک.
– رۆژانە دووجار ددانەکانت بشۆ، بەمەرجێک فڵچەکە نەرم بێت و لەگەڵ ددانەکانیشتدا، زمانت پاکبکەرەوە.
– بەکارهێنانی چیلکەی ددان، بۆ لابردنی پاشماوەی خۆراک لە نێوان ددانەکان و ئەو شوێنانەی کە فڵچە ناتوانێت پێیبگات.
– بەکارهێنانی سیواک، بەوپێیەی رۆژوو ناشکێنێت و یارمەتیی پاککردنەوەی ددانەکان دەدات و بەکتریا لەناودەبات.
– دوورکەوتنەوە لە خواردنە بۆن بەهێزەکان وەک سیر و پیاز، یان دەستبەجێ دوای خواردنی، ددانەکانت بشۆ.
– خواردنی خۆراکی تەندروست وەک میوەی دەوڵەمەند بە ڤیتامین سی (پرتەقاڵ) و سەوزە دەوڵەمەندەکان بە ریشاڵ، هەروەها دوور بکەوەرەوە لە شیرینی و خواردنەوە شەکردارەکان.
– خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پرۆبایۆتیک، وەک ماست، بۆ پاڵپشتیی تەندروستیی دەم و ددان و ریخۆڵە.
– ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوامی ددان بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی دەم و ددان.