وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، ڕۆژی 30ـی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عێراق، ئەمریکا و هاوپەیمانانە.
ئەوەش هاتووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بە تایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە كاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێـ.ـران لە مانگەکانی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی، مـ.ـووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شـ.ـەهید، بریـ.ـندار و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە، جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگریی مایەی نیگەرانییە، لە هەمان کاتدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.
لە کۆتاییشدا هاتووە، هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە ڕابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و ڕووبەڕووی مەترسیەکان ببێتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی زۆری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و ڕێز لە هاوکاری و پشتیوانیان دەگرێت لە ڕابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە، وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستەمی بەرگری عێراق لەگەڵ سوپای عێراقدا پەیوەندیەکی دەستوریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەکارکردنی هاوبەش دا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت