هێزێکی سوپای عێراق بە کەلوپەل و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناحیەی سەرگەڕان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتوون، بەیانی ئەمڕۆ لەدوای ئەوەی ژمارەیەک لە جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان چوونەتە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، هێزێکی سوپای عێراق بە ژمارەیەک سەرباز و ئۆتۆمبێلئ سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەریان.
هەربەپێی زانیارییەکان، هێزەکە هەڕەشەیان لە جوتیاران کردووە و رێگریان لێکردوون کارەکانی رۆژانەی خۆیان راپەڕێنن.
لە کۆتایی وەرزی زستان جوتیارانی سنوورەکە دەستدەکەن بە کێڵان و تۆوکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو رێگریانەی لێیان دەکرێت، مەترسی نەبوونی بەرهەمی کشتوکاڵییان لە هاوینی داهاتوودا هەیە.
پێشتر و لە 21 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسایەک، هەردوو بڕیاری ژمارە 1018 ی ساڵی 1982، و بڕیاری 554 ی ساڵی 1983 ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبی بەعسی هەڵوەشاندەوە.
بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لە خانوو و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بێبەشکراون بەو بڕیارانە بۆیان دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام سوپای عێراق تا ئێستا پابەندنەبووە بە یاساکە و لە ئازاردان و رێگریکردن لە جوتیارانی کورد لە سنوورەکە بەردەوامە.