وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لە وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی رووینەداوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەو شێوەیەیە کە پێشتر رێکەوتن کراوە لەسەری و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدانەکراوە.
بەپێی ئەو رێکەوتنەی مانگی ئەیلولی رابردوو لەنێوان عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کراوە تا کۆتایی ئەمساڵ هێزەکان بە تەواوی دەکشێنەوە.
هاوکات سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و عێراق عەوادی ئاشکرایکرد، عێراق گرنگی بە واقیعی نوێی سوریا دەدات، ئامادەیی بۆ هاریكاریكردن و هەماهەنگی دەربڕیوە.
جەختیشیکردەوە، بڕیاری عێراق دەستوەرنەدانە لە کاروباری سوریا و قبوڵکردنی ئەوەی هاوکێشەی نوێی سوریا بەرهەمی دەهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لەسەر بانگێشتی عێراق بەم نزیکانە وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی وڵاتەکە دەکات و بڕیارە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە شاری بەغداد سازبکرێت بانگهێشتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە بکرێت.