رێگری دەکرێت لە گواستنەوەی خێمەی مانگرتووان بۆ هەولێر

میدیا عێراقییەکان باسیان لەوە کردووە، لە گواستنەوەی خۆپیشاندان و خێمەی مانگرتووان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، زەحمەتییەکی زۆر هەیە.

ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم) لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردووە، سەرکوتکردن و رێوشوێنە ئەمنییەکان، رێگری دەکەن لەوەی خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەران لە سلێمانییەوە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر.

ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتی هەرێم دەیەوێت ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان، لە چوارچێوەی سنووری پارێزگای سلێمانی بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کۆنسوڵخانە و ڕێکخراوەکانیشەوە لەوبارەیەوە ئاگادار نەکرێنەوە”.

(بەغداد ئەلیەوم) لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو نیازیان هەیە هەفتەی داهاتوو، خێمەی مانگرتنەکەیان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر بگوازنەوە.

باسلەوەشدەکات، هێزە ئەمنییەکان لە هەولێر و دهۆک دەستیان کردووە بە جووڵە و چاودێری، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر خۆپیشاندانێک بکرێت.

ئەمڕۆ مانگرتنی بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە خواردن دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، پێ دەنێتە دەیەمین رۆژییەوە؛ وەک خۆیشیان دەڵێن، تائێستا هیچ وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەیان نەدراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share