پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت، داواكارییەكانی مانگرتووان و مووچەخۆرانیان بە واژووی پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاجیاكان گەیاندووە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، سەبارەت بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی بە واژۆی پەرلەمانتارانی عێراقەوە، نووسراومان کردووە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقمان لە دۆخەکە ئاگادارکردووەتەوە، هەتا بە دەنگ داواکانیانەوە بێن.
دوێنێش هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لەگەڵ بەشێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكانی دیكە یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە كە تێیدا داواكاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو بۆ مووچە لە پارێزگای سلێمانیمان گەیاندووە و هاوكات داواشمانكردووە كە مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوویان پێبدرێت”.
وتیشی: “وەك فراكسیۆنی یەكێتی جارێكی دیكە پشتیوانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكەین و لە بەغدادەوە پشتیوانی لە داواكارییە رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەكەین، هەروەها داوامان كردووە لیژنەیەكی بەپەلە لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران دیاریبكرێن و سەردانی مامۆستایان فەرمانبەرانی مانگرتوو لە سلێمانی بكەن، داوای شكاندنی مانگرتنیان لێبكرێت، چونكە ژیانیان لە مەترسیدایە و پەیامەكەیان گەیشتوەتە لایەنی پەیوەندیدار”.
ئەمڕۆ دەبێتە هەفتەیەک، کە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و داوادەکەن، مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت.