پیربوون پرۆسەیەكی سروشتییە و راناگیرێت، بەڵام بە گۆڕینی هەندێك هەڵسوكەوت و خوو، دەتوانرێت گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە تەمەن لەسەر پێست خاوبكرێتەوە و، بۆ ماوەیەكی زۆر بە جوانی و سەرنجڕاكێشی بهێڵدرێتەوە.
سڤیتلا كراسنۆڤا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری دەڵێت، خواردنی بڕێكی زۆری كاربۆهیدرات و شەكرەكان یەكێك لە هۆكارەكانی پیربوونی پێشوەختەیە، چونكە ئەم جۆرە لە سیستمی خۆراك دەبێتەهۆی لەناوچوونی كۆلاجین و ئیلاستین، كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر رەنگی پێست دەبێت و ماندوو دەریدەخات. بۆیە باشترە سەوزە، پرۆتین و چەوریی ناتێر بۆ سیستمی خۆراك زیادبكرێت.
دەشڵێت، زیادەڕەویكردن لە خواردنەوەی كحول و جگەرەكێشان دەبنەهۆی پیربوونی پێشوەختەی پێست و، لە ئاكامیدا زیان بە دەمارەكان دەگات، بەهۆی ئەوەش پێست ئۆكسجینی پێویستی پێناگات.
هۆكارێكی دیكە وەك ئەوەی ئەو پسپۆڕە ئاماژەی پێدەكات، كەم ئاو خواردنەوەیە، چونكە دەبێتەهۆی تووشبوون بە وشكبوونەوە و دابەزینی میتابۆلیزم لە جەستەدا، بۆیە پێویستە رۆژانە 1.5 تا دوو لیتر ئاو بخورێتەوە.
كەمخەوی بەهەمان شێوە دەبێتەهۆی خێراكردنی پیربوونی پێست، چونكە رێگردەبێت لە باشبوونەوەی پێست لە كاریگەرییەكانی ژینگە، وەك ئەوەی پسپۆڕەكە ئاماژەی پێدەدات و دەشڵێت، خەوتن بەر لە كاتژمێر 10ی شەو یەكێك لە باشترین هۆكارەكانە بۆ باشكردنی دۆخی گشتیی جەستە.
سەبارەت بە دوایین هۆكاریش روونیدەكاتەوە، خۆنەپاراستن لە تیشكی خۆر بە هۆكارێكی زۆر باوی پیربوونی پێشوەختەی پێست دادەنرێت، چونكە تیشكی خۆر زیانی گەورە بە پێستی دەموچاو دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە هەموو رۆژێك كرێمی دژەخۆر (SPF) بەكاربهێندرێت.