راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوونی 20 ملیۆن هاوڵاتی كە لەسەر مووچە دەژین ئاشكرادەكات و جەختیش لەسەر زامنكردنی لەلایەن حكومەتەوە دەكاتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، بیست ملیۆن عێراقی لەسەر مووچەی وەزیفی و چاودێری و مینحەكانی دیكە دەژین، مووچەش زامنكراوە و ناكرێت دەستی بۆ ببرێت.
وتیشی، “حكومەت گرنگی بە مووچە دەدات و پێیوایە شایستەی سوودمەندبووانە، فەرمانبەران و خانەنشینان بێت یان چاودێریی كۆمەڵایەتی و ئەوانی دیكە، بۆیە دەستبردن بۆی ناڕاستە و، دەستەبەركردنی كاری پێشینەی حكومەتە، لەهەمان كاتدا بڕە پارەی پێویست زامنكراوە و هیچ ترسێك لەسەر مووچەكان نییە، وەك ئەوەی دەوترێت”.
بودجەی سێ ساڵە پێشتر پەسەندكراوە، وەك زانراوە بڕگەیەكی تیایە تایبەت بە پێشكەشكردنی خشتەكانی بودجە بەپێی گۆڕانكارییەكانی ساڵ، چاوەڕوان دەكەن لە رۆژانی داهاتوودا خشتەكانی بودجە لە وەزارەتی داراییەوە پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت بۆ پەسەندكردنی، مەزهەر محەمەد وای وت.