وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماری خەرجی و تەمویلکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا (2014 تا 2025) ڕاگەیاند.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، لەو ماوەیەدا حکومەتی فیدراڵ، دوای لێبڕینەکانی سەروەری و قەرز و پابەندییەکانی دیکە، تێکڕا تەنها 2.4%ـی بودجەی گشتیی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لە کاتێکدا پشکی دیاریکراوی هەرێم بەپێی یاسا 17% و 12.67% بووە، و بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی دانیشتووانی ساڵی 2024ـیش پشکی هەرێم 14.14%ـە.
وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە کە لە کۆی 212 ترلیۆن و 761 ملیار دینار لەو ماوەیەدا، تەنها 41 ترلیۆن و 42 ملیار دینار بۆ هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم تەمویل کراوە، کە بەشی دابینکردنی 46 مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی کردووە لە کۆی 144 مووچە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ساڵانی (2014، 2020 و 2022)دا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە، حکومەتی فیدراڵ بڕە پارە تەمویلکراوەکانی بۆ هەرێمی کوردستانی وەک قەرز ئەژمارکردووە تا لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەی گشتیدا ببڕدرێتەوە.