داوادەكرێت هێز ڕەوانەی گوڵاڵە بكرێت

پەرلەمانتارێكی عێراق داوا دەكات هێز ڕەوانەی گوڵاڵە بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو شارۆچكەیە لە پەلاماری چەكدارانی داعش بپارێزرێت.

ئەحمەد مەزهەری، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگای دیالە پاش هێرشەكانی شەوی ڕابردووی سەر گوڵاڵ، ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای كردووە، سەرۆكوەزیرانی عێراق هێزێكی تایبەت ڕەوانەی گوڵاڵە بكات بۆ پارێزگاریكردن لەو شارۆچكەیە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكردووە، “چەكدارانی داعش هەستاون بە دزەكردنە ناو هەندێك ناوچەی جەلەولا و بە هەڕەمەكی دەستیان بە تەقەكردن كردووە، هەروەها وێستگەی كارەبایان سوتاندووە”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەوە بۆ جاری یەكەمە لەپاش ئازادكردنی جەلەولا لە دەستی تیرۆریستان، داعش بتوانێت بگاتە سەنتەری شارۆچكەكە”.

پەرلەمانتارە عێراقییەكە داواشی كردووە، “سەرۆكوەزیرانی عێراق و پەرلەمانتاران لە دۆخی جەلەولا بكۆڵنەوە و ئەو پێشێلكارییە ئەمنییە ڕابگرن”.

بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە گوڵاڵە شەوێكی قورسی تێپەڕاند

شەوی ڕابردوو داعش هێرشێكی قورسی لە چەند قۆڵێكەوە كردە سەر گوڵاڵە و زیانی بە شارۆچكەكە گەیاند، چەند كاتژمێرێكیش شەڕ لەنێوان داعش و سوپای عێراق بەردەوام بوو.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە گەرمیان، شەوی ڕابردوو 18ی كانونی دووەم، داعش پەلاماری هێزەكانی سوپای عێراقی دا لە گوڵاڵە و دەوروبەری.

چەكدارانی داعش دووجار بە هاوەن هێرشیان كردووەتە سەر پردی حەلوان كە هێزی سوپای عێراقی لێ جێگیركراوە، هەروەها پردی گوڵاڵە و نەخۆشخانە و وێستگەی كارەبای ناحیەكەی هاوەنباران كردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا هێرشیی كردووەتە سەر “ناوچەی سەوز” كە گەڕەكێكە پێشتر كوردێكی زۆری لێ نیشتەجێبووە.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا ئەوەشی خستەڕوو، بە گشتی داعش هێرشێكی بەرفراوانی كردووە و بارودۆخی ئەمنیی شارۆچكەكە زۆر خراپ بووە، لە نزیكی نیوەشەویشدا هێرشەكانیان كۆتایی پێهاتووە.

تا ئێستا زیانە گیانی و مادییەكانی هێرشەكانی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر گوڵاڵە ئاشكرا نەكراوە.

بابەتی پێشتر

بەهای نەوتی خاوی برێنت جارێكی دیكە بەرز بووەوە

بابەتی دواتر

بەهای 100 دۆلار 145 هەزار دیناری تێپەڕاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share