فریودانی كەسە نزیكەكان و نائومێدبوون.. كاتژمێرەكانی كۆتایی ئەسەد لە سوریا

بەشار ئەسەد هیچ كەسێكی نزیكی خۆی لەبارەی پلانی هەڵاتنییەوە لە سوریا ئاگادارنەكردووەتەوە، بەڵكو یاریدەدەر و بەرپرس و تەنانەت كەسە نزیكەكانیشی فریوداوە و هیچی پێنەوتوون، ئەوەش بەپێی وتەی زیاتر لە 10 كەسی ئاگادار كە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەیان كردووە.

ئەسەد، چەند كاتژمێرێك بەر لە هەڵاتنی بۆ مۆسكۆ، بە نزیكەی 30 كەسی لە سەرانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان لە وەزارەتی بەرگری وتووە كە پاڵپشتیی روسـ..ــیا لە رێگەیە و هانی هێزەكانی داوە خۆراگر بن، بەپێی یەكێك لەو بەرپرسە ئەمنییانەی ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە.

هەروەك كارمەندانی مەدەنیش هیچ زانیارییەكیان نەبووە، یاریدەدەرێكی نزیكی بازنەی كارگێڕیی دەوروبەری رایگەیاند، ئەسەد بە بەڕێوەبەری نووسینگەكەی وتووە دوای تەواوبوونی كارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەبری ئەوە بەرەو فڕۆكەخانە بەڕێكەوتووە.

ئەو یاریدەدەرە وتیشی، “ئەسەد پەیوەندی بە راوێژكاری راگەیاندنیشیەوە كردووە و داوای لێكردووە لە ماڵەكەی ئامادەبێت بۆ نووسینی وتارێك، بەڵام كاتێك راوێژكارەكە چووە، هیچ كەس لە ماڵەكە نەبووە”.

نەدیم حوری، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەستپێشخەریی چاكسازیی عەرەبی، كە دامەزراوەیەكی توێژینەوەی هەرێمایەتییە، رایگەیاند، “ئەسەد هیچ بەرگرییەكی نیشان نەداوە، هێزەكانیشی كۆنەكردووەتەوە. لایەنگرانی لە بەردەم چارەنووسی خۆیاندا جێهێشتووە”.

بەپێی ئاژانسەكە، ئەسەد كە 24 ساڵی لە دەسەڵاتدا بەسەربردووە و پشتی بە هاریكاریی دەرەكی بەستووە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی دەسەڵاتەكەی، لە دوا كاتژمێرەكاندا پشتی بە فریودان و پلانی نهێنی بەستووە بۆ دەرچوون لە سوریا، لە كاتژمێرەكانی یەكەمی یەكشەممەی رابردوودا.

بەپێی وتەی سێ یاریدەدەری، ئەسەد تەنانەت ماهیر-ی برا بچوكیشی، كە فەرماندەی فیرقەی چواری زرێپۆش بوو، لەبارەی پلانی رۆیشتنەكەی ئاگادارنەكردووتەوە. بەپێی وتەی یەكێكیان بۆیە دواتر ماهیر بە هێلیكۆپتەرێك بۆ عێراق و دواتریش بەرەو روسـ..ـــیا رۆیشتووە.

هاوشێوەی ئەویش، ئەسەد هەریەك لە ئیهاب و ئەیاد مەخلوف-ی پورزای جێهێشتووە كاتێك دیمەشق كەوتووەتە دەست گروپە چەكدارەكان. بۆیە ئەو كەسانە هەوڵیانداوە بە ئۆتۆمبێلێك بەرەو لوبنان هەڵبێن، بەڵام لە رێگا كەوتوونەتە ناو بۆسەیەكی چەكدارانەوە و تەقەیان لێكراوە و لە ئاكامدا ئیهاب كوژراوە و ئەیاد-یش برینداربووە.

رۆیتەرز لە زاری دوو دیپلۆماتكارەوە دەڵێت، ئەسەد بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە 8ی كانونی یەكەم بە فڕۆكەیەك لە دیمەشق هەڵاتووە، فڕۆكەكەش لە رادار ونبووە پاش كوژانەوەی ئامێری ناردنەكەی. ئەو هەڵاتنەی دەسەڵاتە 24 ساڵییەكەی خۆی و نیو سەدەییەكەی خێزانەكەی كۆتایی پێهێنا و، بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بووەهۆی كۆتایی هاتنی ئەو جەنگە ناوخۆییەی 13 ساڵی خایاند.

ئەسەد بە فڕۆكەیەك چووەتە بنكەی حمێمیم-ی ئاسمانیی لە شاری لازقیە و لەوێشەوە بەرەو مۆسكۆ فڕیوە.

ئەندامانی خێزانەكەی، كە بریتین لە ئەسما-ی هاوسەری و سێ منداڵەكیان لە پایتەختی روسـ..ـــیا لە چاوەڕوانیدا بوون.

وێنە ڤیدیۆییەكانی كۆمەڵگای سەرۆكایەتی، كە لەلایەن چەكدارانی گروپەكان و هاوڵاتییانەوە گیراون، نیشانیدەدات ئەسەد بەشێوەی پەلەپروزێ هەڵاتووە، بەجۆرێك خواردنی ئامادەكراو لەسەر تەباخ و چەندین پێداویستیی كەسی لەدوای خۆی جێهێشتووە وەك ئەلبومی وێنە كەسی و خێزانییەكانی.

#ئێستا

بابەتی پێشتر

كەشناسی: بایەكی بەهێز و سارد چەند ناچەیەكی هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

بە وێنە.. بۆ یەكەمجار سورییەكان بەنێو هەوارگەكەی خێزانی ئەسەددا دەگەڕێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share