ڤیدیۆ.. خۆپیشاندانەکانی ئەسفەهان قوربانی و دەستگیركردنی تێکەوت

دوای ماوەی هەفتەیەک لە خۆپیشاندانەکانی ئەسفەهان، سەبارەت بە کەمی ئاو و ‏گواستنەوەی ئاوی ناوچەکە، تا ئێستا دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بریندارکراون ‏و دۆخی تەندروستی دوو لە بریندارەکانیش ناجێگیرە.‏

فەرماندەی سەربازیی پارێزگای ئەسفەهان لەسەر خۆپیشاندانەکان ڕایگەیاندووە، “بەهۆی ‏پێکدادانی هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران، تا ئێستا 120 کەس دەستگیرکراون و دەیان ‏کەسیش لە پۆلیس و خۆپیشاندەر وەک بریندار بۆ نەخۆشخانەکان گواستراونەتەوە.‏

محەمەدڕەزا میرحەیدەری، فەرماندەی سەربازیی پارێزگای ئەسفەهان خۆی بوارد لەوەی ‏ژمارەی دەستگیرکراوەکان ئاشکرابکات، بەڵام ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت ‏‏”زیاتر لە 100 کەس بریندارن و کوژراویش لەناو خۆپیشاندەراندا هەیە”.‏

زانکۆی پزیشکی ئەسفەهان لەسەر ڕووداوەکان داوای لێبوردنی کردووە کە ئامارەکان ‏زۆرن و ڕاشیگەیاندووە، دوو کەس لە بریندارەکان دۆزی تەندروستیان ناجێگیرە.‏

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ڕووداوەکان دەڵێت، ئەوان چاودێریی دۆخەکە دەکەن ‏و “بەداخەوە خەڵکی ئێران مافی ئەوەشیان نییە داوای مافە سەرەتاییەکانیان بکەن، کە ‏خزمەتگوزاری و ئاوە”.‏

لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانەکان، ئینتەرنێتی هێڵەكانی مۆبایل و وایفای لە پارێزگای ‏ئەسفەهان بڕدراوە و تەنها ئینتەرنێتی ماڵان کار دەکات، لەگەڵ ئەوەش کۆمپانیای “نێت ‏بلاکس” ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، ئینتەرنێت لە ئەسفەهان بڕدراوە و لەناو مۆبایلەکاندا ‏کارناکات.‏

قسەكردن لەبارەی کوژراو و بریندار و دەستگیركردن لەکاتێکدایە، چەندین ڤیدیۆ ‏بڵاوکراوەتەوە، نیشانیدەدەن هێزە ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ بە “ساچمەزەن و تاپڕ” تەقەیان لە ‏خۆپیشاندەران کردووە.‏

سەرەتای خۆپیشاندەکانی ئێران لە مانگرتنی جوتیارانی ئەسفەهانەوە دەستیپێکرد، ئەوان ‏نیگەرانیی قوڵیان دەربڕی لە گواستنەوەی ڕێڕەوی ئاوی شارەکە و نەبوونی ئاو لە ‏شارەکەدا، دواتر هێزە ئەمنییەکان چادری جوتیارانیان سووتاند و لەوێوە پێکدادانەکان ‏ڕوویاندا.‏

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید پۆگبای لە فەرهەنگی گواستنەوەکان دەرکردووە

بابەتی دواتر

مه‌رجى نوێ بۆ گه‌شتكردنى هاوڵاتییان بۆ ئێران ڕاگه‌یه‌ندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share