شەشەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتبی کتێب لە سلێمانی کۆتاییهات، رێکخەری پێشانگاکە دەڵێت، لە کۆی نزیکەی 9 ملیۆن کتێب، نزیكەی %48.4ی کتێبەکان فرۆشراون و کتێبە کوردییەکانیش زۆرترین فرۆشیان هەبووە.
حەسەن رەحیم، بەرپرسی دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە خولی ئەمساڵی پێشانگای کتێبدا دوو هەزار ناونیشانی نوێ چاپکرابوون و 200 ناوەند لە 12 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو، ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی نیوەی ئەو کتێبانەی هێنراونەتە پێشانگاکەوە فرۆشراون، بەڕێژەی %48.4
وتیشی، ئەو کتێبانەی زۆرترین فرۆشیان هەبووە بە پلەی یەکەم کتێبە کوردییەکان بوون، پاشان کتێبە ئینگلیزییەکان بەپلەی دووەم و عەرەبییەکان بە پلەی سێیەم.
پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب، ساڵانە لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت، چەندین کتێب و بڵاوکراوەی نوێ لەخۆدەگرێت و ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت.