كۆمپانیای ئەدۆبی بەرنامەیەكی زیادكرد كە رێگە بە بەكارهێنەران دەدات زیرەكیی دەستكرد بۆ دروستكردنی وێنە بەكاربهێنن پشتبەست بە كتێبخانەی تایبەت بە وێنە رێپێدراوەكانی، لەگەڵ پارەدان بە خاوەنە رەسەنەكانیان.
كۆمپانیاكە هەنگاوی پەلەینا بۆ زیادكردنی زیرەكیی دەستكرد بۆ بەرنامەكانی لە سایەی ململانێی تەكنەلۆجیای دروستكردنی وێنە لە كۆمپانیا نوێیەكانی وەك ئۆپن ئەی ئای.
ستراتیجی ئەدۆبی ئەوەیە ئەو ناوەرۆكەی دروستدەكرێت لەڕووی یاساییەوە پارێزراو بێت بۆ بەكارهێنانی لە كارە بازرگانییەكاندا، هەروەها زامنكردنی قەرەبووكردنەوەی هونەرمەندان لەڕووی یاساییەوە.
ئەدۆبی خاوەن بەرنامەی جۆراوجۆرە لەوانە فۆتۆشۆپ كە لەسەر ئاستێكی فراوان بۆ دروستكردنی ناوەرۆك بەكاردەهێندرێت.
ئەو بەرنامەیەی لەلایەن كۆمپانیاكەوە بۆ بەكارهێنەران خراوەتەكار، بەكارهێنانی وێنەیە لە كتێبخانەی ئەدۆبی و پاشان دەستكاریكردنی بە زیرەكیی دەستكرد بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەكانیان. كۆمپانیاكە پارە دەداتە خاوەنی رەسەنی وێنەكە.
ماسیۆ سمیش، جێگری سەرۆكی ئەدۆبی بۆ ستراتیجەكان و نەخشەكێشان و بەرهەمە نوێیەكان رایگەیاند، هەندێك بەكارهێنەری ئەدۆبی دەخوازن وێنە بە فەرمانی نووسراو دروستبكەن، بەڵام زۆرێك لە بەكارهێنەران دەخوازن گۆڕانكاریی بچوك بەسەر وێنە رێپێدراوەكەدا بهێنن بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ خواستە كەسییەكانیاندا.