بافڵ جەلال تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، بە پشتیوانیی خەڵک توانیمان کۆتایی بە تاكڕەوی بهێنین، قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری، هیوادارم هەموولایەنەکان خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن و دەشڵێت، پاڵپشت بە یاسا کار بە ‘تەوتین’ دەکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی بە پەرۆشییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و تەندروست دەڕوانێت، حکومەتێک رەنگدانەوەی خواستەکانی خەڵک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت مەرام و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت و دامەزراوە حکومییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتیوانیی خەڵک توانیمان کۆتایی بە تاكڕەوی بهێنین و نەهێڵین چیتر ئەم حوکمڕانییە چەوتە درێژەبکێشێت. قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری، هیوادارم هەموولایەنەکان خۆیان لەگەڵ ئەم پرەنسیپە بگونجێنن، چونکە ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو.
لەبارەی چاکسازییەکانی ناو ریزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی و لەسەر بنەمای دادپەروەری، سەرۆکی یەكێتی ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێک لە دەرەوەی رێککەوتنەکان وەک لێدان لەم پرۆسە نیشتمانییە دەبینین، بۆیە هیوادارین هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بێگومان هاوکاریی دۆستەکانیشتمان لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بەرز دەنرخێنین.
لەبارەی پرۆسەی ‘هەژماری من’ـیشەوە سەرۆكی یەكێتی وتی، “ئەم پرسە کۆتاییهاتووە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئێمە جێبەجێی دەکەین و هەوڵەکانمان لەپێناو ئەواندایە، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە ‘تەوتین’ دەکەین کە لەبەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو”.