ستران عەبدوڵا: ئیتر ناتوانن واقیعی خاكفرۆشی و خەڵك فرۆشی خۆتان پەردەپۆش بكەن

ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێكیدا دەڵێت، “ئیتر كەس بەم گوتارە فریودەرە ناخەڵەتێ كە بەرگی كوردستانی لە خۆی پێچاوە و دژی بەرژەوەندییەكانی میللەتەكەشمانە، گەندەڵی و تەزویر و تاكڕەوی و قۆرخكاری و خۆسەپاندن بەناوی كوردستان و كوردایەتییەوە، یان هەر ناوێكیترەوە بكرێت، فەرقی نییە و هەر قێزەون و ناپەسەند و ناجۆرە، رەنگە لە حاڵی وادا تاوانەكە چەند قات بێت چونكە بەناوی ئەو ناوە بەرزانەوە دەكرێت، بەناوی كوردستان و كوردایەتی و خەونی گەشی حوكمڕانی كوردییەوە دەكرێت و تازە رابوونەوەی هۆشیارانەی گەلەكەمان بوختان و چەواشە و فریوی ناسیونالیستی ئێوەی تێپەڕاندووە و بریاری خۆی داوە، كۆتایی بە سیاسەتی خۆسەپێنی ئێوە بێنێت و چارەنووسی خۆی تەسلیمی دەستی ئەمین بكاتەوە كە لە تەنگانەوە و ناخۆشیدا تاقیكردووەتەوە دەستی ئەمینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی بافل جەلال تاڵەبانی.

باسی لەوەش كردووە، “تازە ئەم هاشووهوشەی بە كوردی هەڕەشەی پێدەكەن و گەلەكەمانی پێ دەتۆقێنن دادات نادات، چونكە دەزانین بە عەرەبی و عەجەمی زمانێكی پاڕانەوە و چەمانەوەتان هەیە و ئەزبەرمان كردووە”.

دەڵێت، “تازە نە ترسی تارمایی شەڕی ناوخۆ و نەترسی دنەدانی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، نە هەڕەشەی تێكدانی سندووقەكانی دیموكراسی و تەزویری دەنگدان و تەزویری دەنگەكان هیچیان زەفەر بە ئیرادەی گەلەكەمان نابەن”.

ستران عەبدوڵا دەشڵێت، “ئیتر ناتوانن بە گوتاری توندڕەویی نەتەوەیی و تۆمەتباركردنی هەرزانی بەرامبەرەكانتان واقیعی خاكفرۆشی و خەڵك فرۆشی خۆتان پەردەپۆش بكەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئێستا ئیتر سیاسەتێكی كوردانە و كوردستانیی راستەقینە، سیاسەتی پەرۆشی بۆ ئیدارەی هەرێم و یەكپارچەیی قەوارەكەی، سیاسەتی پەرلەمانێكی بە هەیبەت، دیموكرات و چاودێریی یاسا و رێساكان، سیاسەتی حكومەتێكی دەربەست و ئازا و پەرۆش بۆ ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك جێ بە سیاسەتی گۆشەگیر و دواكەوتوو، سیاسەتی جیاكاریی و فەرق و جیاوازیی نێوان شار و دەڤەرەكان، گەڕەك و چین و توێژەكان لێژ دەكات و تەفروتونای دەكات”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەمەودوا سیاسەتی حكومەتێكی كارا و یەك دەست و پەرلەمانێكی یەك و یەك ریز كۆتایی بە ئیدارەی دیوەخانی راسپاردە و كاكەبرایی و خۆم و خۆمانی دەهێنێت و ئیتر بە دەنگی گەل لە 20 ی تشرینی یەكەمەوە ئێمە ئەمانە دەڕوخێنین كە ئەدگاری دەزگای كلیپ و فیلمی هندی و داتاشینی تۆمەتی بێ بنەمایە و لە جێگاكەی حوكمی دادپەروەرانە و یاساسەروەریی دادەنێینەوە و كوردایەتیی چەواشە تەواو، كوردایەتی گەلپەسەند دێتەوە و نەخێر بۆ كوردستانی گەندەڵ و جیاكار و قۆرخكار، بەڵێ بۆ كوردستانی دیموكرات و دادپەروەر، كوردستانی حوكمی ژیر و بە ویژدان و زەمیر.

بابەتی پێشتر

لەبارەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوازی قیست بە مامۆستایان زانیاریی نوێ ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەک لە سلێمانی روویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share